خەڵک پشتیوانی عەفرین دەکەن و هەڵوێستی حکومەت رون نییە

(سبەی):

بە بەشداریی هەزاران کەس لە سلێمانی خۆپیشاندانی پشتیوانیی لە بەرامبەر پەلامارەکانی تورکیا بۆ عەفرین بەڕێوەچو و د.یوسف محەمەد لەو خۆپیشاندانەدا رەخنەی لە ناڕونیی هەڵوێستی حکومەت گرت و رۆژنامەنوسێکیش رایدەگەیەنێت؛ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی خۆپیشاندانه‌كە ده‌ركردنی هێزه‌كانی توركیایه‌ له‌ هه‌رێم.

د. یوسف محه‌مه‌د لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی سلێمانی بۆ پشتیوانیی عەفرین رایگەیاند؛ پێویست بو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوێستی سەبارەت بە پەلامارەکانی تورکیا بۆ عەفرین رونتر بوایه‌.

وتیشی: به‌رخۆدانی شه‌ڕڤانان له‌ عه‌فرین مایه‌ی شانازییه‌ بۆ هه‌مو گه‌لی كورد و پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژی له‌شكركێشی سوپای توركیا بێته‌ ده‌نگ.

هاوکات رۆژنامه‌نوس كه‌مال ره‌ئوف، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی‌ سلێمانی بۆ پشتیوانیی عەفرین، رایگەیاند؛ بونی به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا و چاوپۆشی له‌ له‌شكركێشیی سوپای ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم و تۆپبارانكردنی سنوره‌كان، وایكردوه‌ توركیا له‌ناوچه‌كه‌دا خۆی به‌ هێزێكی ره‌های خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ببێنێت له‌ ناوچه‌كه‌دا، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، ده‌ركردنی هێزه‌كانی توركیایه‌ له‌ هه‌رێم و گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆیه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

خۆپیشاندانی ئەمڕۆی سلێمانی‌ به‌به‌شداریی زۆربه‌ی چین و توێژه‌كان له‌ سەعات (11:00)ی‌ سه‌ر له‌به‌یانی‌ له‌ شه‌قامی‌ سالمه‌وه‌ بۆ به‌رده‌م باخی گشتی سلێمانی ده‌ستی پێكرد و خۆپیشانده‌ران وێڕای ئیدانه‌كردنی له‌شكركێشیی‌ توركیا بۆ سه‌ر كانتۆنی‌ عه‌فرینی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان، داوایان له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كوردستان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كرد، دژی هێرشه‌كه‌ی توركیا هه‌ڵوێستی جدییان هه‌بێت و هێزەکانی توركیاش كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه جیگیر کراون‌، بكرێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە