ماناکانی پشت بێدەنگ کردنی پەرلەمان

پێشڕەو بابەشێخ

پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لە بەرزترین دەسەڵاتەکانی هەرێم، شوێنێکە جگە لە ئەرکی چاودێری، شوێنی دەرکردنی بڕیار و راسپاردە و یاساکانە، شوێنی بە یاساییکردنی بڕیارەکانە، هەم یاسای گشتی و هەم تایبەتی، جگە لە لێپرسینەوە و دوبارە چاودێری کردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی. لە دونیای دیموکراسی چاودێریکردن و یاسا دەرکردن سەرەتاییترین ئەرکی پەرلەمانە، لە دۆخی نائاسایی و نەخوازراو و رودانی هەر پێشهاتێک، پەرلەمان بە کۆبونەوەی نائاسایی و بەپەلە دەبێتە کارێکی هەنوکەیی. دۆخی ئێستای کوردستان لە هەمو رویەکەوە لەوپەڕی نائاساییدایە، بەڵام ئەوەی هەنوکەییە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکەین، داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایە بۆ سەر عەفرین و کۆمەڵکوژی گەلی کوردە لە رۆژئاوای کوردستان.

بێدەنگبون و بێدەنگکردنی پەرلەمانی کوردستان لەم کاتەدا هیچ ناگەیەنێت جگە لە خزمەتکردن بە دەوڵەتی تورک و رەوایدان بە داگیرکارییەکان و پشتکردنە کوردانی رۆژئاوای کوردستان.

 

دانیشتنەکەی ئەمجارەی پەرلەمان چی پێوتین؟

یەکەم/ تەرخان نەکردنی دانیشتنێکی تایبەت بە دۆخی عەفرین، بە مانای گرنگی نەدانی سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمانە بە داگیرکاری و کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی کورد لە عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیای دۆستی دوێنێی دەسەڵات بەدەستانی هەرێم و جگە لە خۆدزینەوە و دەربڕینی پشتیوانی بۆ دوژمنانی کورد شتێکی تر نابینرێت. نەخوێندنەوەی دۆخەکە و بەلاڕێدابردنی داواکاری راستەقینەی زۆرینەی شەقامی کوردی بۆ پشتیوانی و پاڵپشتی لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی عەفرین.

دوەم/ دوبارە سەرۆکایەتی پەرلەمان لەدەست دو حیزبدایە کە تەنها بەرژەوەندی حیزبیانەی خۆیان دەپارێزن و بیری نیشتمانی و نەتەوەیی لای ئەوان بونی نیە، کارکردن بۆ کوردانی پارچەکانی تر هیچ نیە جگە لە دەربڕینێک لەسەر شاشەکان. سەرۆکایەتی پەرلەمان کەوتەوە دەست ئەوانەی بڕیارەکانی سەروی خۆیان جێبەجێ دەکەن، کە بریتیە لە ئەجێندایەک دور لە بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی و دور لە داواکاری هاوڵاتیان.

سێیەم/ دوبارە ئەو سەردەمە کۆتایی پێهات کە سەرۆکایەتی پەرلەمان لە دەست هاوڵاتیاندا بێت و لە بەرژەوەندی هاوڵاتی و هاونیشتمانی کورد بێت. سەردەمێک هاتەوە یادم دەنگەکان کپ دەکران، پەنجەرەکان رەش دەکران، پەردەیەک لەنێوان پەرلەمان و هاوڵاتیدا بو، سەردەمێک پەرلەمان موڵکی دو حیزب و لەناویشیان چەند کەسێک و چەند بنەماڵەیەک بو، سەردەمێک سەرۆکایەتی پەرلەمان لەسەر داواکاری قوتی خەڵک، پەرلەمانتاری دەخستە دەرەوە و فرسەتی تێدا دەهێنرا بۆ حەسیرمەیدانی نوێنەرانی راستەقینەی گەل.

چوارەم/ لەسەردەمی سەرۆکایەتی یوسف محەمەد پەرلەمان تەنها موڵکی باشوری کوردستان نەبو، بەڵکو بەشەکانی تریش سودمەند بون و خاوەنی بون. ئەگەر لەو سەردەم بڕیارەکان لە دژی دوژمنان و نەیارانی کورد بون، ئەوا ئەمڕۆ دوبارە نەیاران و داگیرکەرانی کورد، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی پەرلەمانەوە دەتوانن بە مەرامەکانیان بگەن. ئەمڕۆ سەردەمی ئەو سەرۆکە نیە لە پەرلەمان بڕیاری ناردنی هێز بدات بۆ کۆبانێ، ئەمڕۆ سەردەمی سەرۆکایەتیەکە ناتوانێت و نایەوێت بڕیارێک دەربکات لە بەرژەوەندی کورد و لە زیانی داگیرکەرانی کورد بێت، سەرۆکایەتیەک ناتوانێت و نایەوێت دڵی دۆستەکانیان بڕەنجێنێت.

پێنجەم/ پەرلەمان شوێنی دەرکردنی بڕیارە، نەک سەکۆیەک بۆ خوێندنەوەی بەیاننامە، ئەوەی بینیمان دوبارە بێ ئەرزشکردنی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی بو، لە رێگای دامرکاندنەوەو خەفەکردن و شوێن بزرکردنی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و داواکاری بۆ پاڵپشتی لە عەفرین.

پەرلەمانێک لە بری دەرکردنی بڕیارێک تا حکومەت ناچاربکات بە ناردنی هاوکاری بۆ رۆژئاواو کردنەوەی سنورەکان بەڕوی کوردانی رۆژئاوا، دێت دەبێتە سەکۆیەک بۆ خوێندنەوەی بەیاننامە، پەرلەمانێک لەبری داواکاری لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ فشارخستنە سەر تورکیا بۆ راگرتنی هێرشەکانی و بەهاناوە هاتنی بۆ کوردانی رۆژئاوا، دەبێت بە شانۆیەک بۆ خوێندنەوەی چەند بەیاننامەیەک.

شەشەم/ ئەم شێوازی بەڕێوەبردنە لەدەستەی سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان، جۆرێک لە خۆسەپێنی و بێ ئیرادەکردن بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەریەک لە فراکسیۆنە جیاوازەکان دەیانتوانی لە دەرەوەی پەرلەمانیش بەیاننامەیان هەبێت و داواکاریان هەبێت، لەسەر دۆخی عەفرین، بەڵام لە پەرلەمان بەیاننامە خوێندنەوە بێ دەرکردنی بڕیار هیچ مانایەک نابەخشێت جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک، بۆ نیشاندانی بەشداری پەرلەمان لە هاوکاربونی عەفرین.

بایکۆت کردنی دانیشتنی پەرلەمان کارێک بو بۆ ئەوەی بە هەمو لایەک بوترێ ئەم سەرۆکایەتیەی ئێستای پەرلەمان، ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر هەموان فەرزبکات، رەتکردنەوەی ئەو بیرەیە کە دەیەوێت پەرلەمان لە دەزگایەکی گەورەی خاوەن دەسەڵات بکات بە سەکۆیەک تەنها بۆ خوێندنەوەی بەیاننامە و دورکەوتنەوە لە کاری سەرەکی خۆی لە دەرکردنی بڕیار. بایکۆتکردن هەوڵێک بو بۆ ستۆپکردن بەوانەی ئیتر پێیان وایە دەتوانن هەموان وەک یەک دەستەمۆ بکەن، هەر هێزێک بیانەوێت دەیانکەن بە هاوبەش لە دەرکردنی بڕیارەکانیان، لە بەرژەوەندی خۆیان و دۆستە دەرەکیەکانیان، بەشداری نەکردن لەم شێوە دانیشتنەی پەرلەمان بەشداری نەکردنە لە بچوک کردنەوەی رۆڵی پەرلەمان.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە