فراکسیۆنە کوردییەکان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد

(سبەی):

بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکاری و پێشنیارەکانی کورد لە بودجەدا، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقیان کرد، سەلیم جبوریش دەڵێت: پرۆژە یاسای بودجە ئامادەیە بۆ خوێندنەوەی دوەم.

کاوە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند؛ بەهۆی ئەوەی هیچ کام لە داواکاری و پێشنیارەکانی کورد لە پرۆژە بودجەدا جێگەی نەکراوەتەوە، سەرباری ئەوەی دو جار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەتەوە، بۆیە بڕیاریاندا بە بایکۆت کردنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان.

وتیشی: پرۆژە یاسای بودجە لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆدا نییە، بەڵام پێ دەچێت ئەگەر نیسابی یاسایی تەواو بکرێت، ئەوا بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

کاوە محەمەد جەختیکردەوە کە جۆرە رێککەوتنێک هەیە لە نێوان شیعە و سوننە بۆ تێپەڕاندنی بودجەی ئەمساڵ بەبێ کورد.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداری هیچ کۆبونەوەیەکی پەرلەمان ناکەن، تا ئەوکاتەی ئەو داواکاری و پێشنیارانەی لە بودجەدا پەیوەستە بە کوردەوە، جێبەجێ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە سەلیم جبوری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛ کە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ ئامادەیە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دوەمی بۆ بکرێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە