ئۆپۆزسیۆن یان حکومەتی دوەم؛ هاوپەیمانی شکست یان لیستی نیشتمان

شەماڵ عەبدولوەفا

سەیرە چەند رۆژێکە باس لە یەک لیستی دەکرێت، نازانم لە پای چی و پاساوەکەی چییە؟

گەر پاساو، کوردو یەکگرتویی و دەنگ بێت، ئەوا یەکێتی و پارتی (زەوی، قەزییە، نیشتیمان)یان فرۆشت تەنها هەر تاکەکان ماون بیفرۆشن.

  1. سەیرو سەمەرەیە کە گۆڕان و هاوپەیمانی و کۆمەڵ بیر لەوە دەکەنەوە لەگەڵ دو قەزییە دۆڕاو بچنە لیستێکەوە… جا بچن یان نەچن چی دەگۆڕێت، کورسییەک کەم یان زیاد چی لە وەزعی کورد دەگۆڕێت لە عێراق، ئەمە خۆ هەڵخەڵەتاندن نەبێت چی ترە.

ئەوان بە تەزویرێکی داڕێژراو و بە بەرنامە ژمارەیەکیان هەبو، ئەمجارە ناتوانن ئەمە بکەن وریا بن دەتانکەنە شەریکی شکست.

  1. گۆڕان لە چی دەگەڕێت، تۆ لە لایەک دەبیتە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی ئەم دو حیزبە، لە لایەکی ترەوە بیر لە یەک لیستی لەگەڵ دو هێزی شکستخواردوی ملکەچی بێ مروەت دا دەکەیت.

دیارە بانێکە و دو هەوا، خۆ تۆ لیستی نیشتیمانت هەیە چ پێویستت بەم بەشدارییە نامەوزوعیانەیە هەیە، یان ئۆپۆزیسیۆن نین، بەڵکو حکومەتی دوەمن کە کارتان هەڵسانەوەی حکومەتی یەکەمە نەک روخاندنی، دەزانن لەم هەلومەرجەدا موعارەزە بون تەنها کاری ئەوەیە کار بۆ روخاندنی ئەم حکومەتە بکات هیچی تر، نابێت ببێتە ئۆپۆزسیۆنەکەی میسری کۆتایی حەفتاکانی سەدەی پێشو کە خومەینی دەیوت ئەم ئۆپۆزسیۆنە حکومەتی دوەمی میسرە.

  1. هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری و دیموکراسی، بەڕێز کاک بەرهەم پێویستی چیت بەم هاوپەیمانییەتە هەیە، تۆ لیستی نیشتیمانت هەیە، گەر ئەمەت بۆ ئەم مەبەستانەیە:

أ- یەکێتی و پارتی شەرعیەتت بدەنێ.

ب- بیر لە ئارامی دەکەیتەوە.

ج- گوشاری برادەرەکانتە لە ناو یەکێتی.

گەر بیر لە شەرعییەتی پارتی و یەکێتی دەکەیتەوە ئەوا بێ شێو سەر دەنێیتەوە، شەرعییەتەکەت لە هەڵبژاردندا بە دەست دێنیت.

گەر ئارامیت دەوێت، هەرگیز لەمە خراپتر نابێت، کاتێک گۆڕان دروست بو یەکێتی زۆر بەهێز بو! نەترساین! لایەنێک ویستی هەمومان بکوژن! خۆت باش ئاگاداریت! نەترساین!

دەرکەوت هەردوکیان پڵنگی کاغەزن لە 16ی ئۆکتۆبەردا، بەڵام بۆ گیانی خەڵکی بێ چەک خۆیان بە شێر دەزانن! پڵنگی کاغەز هەرگیز نابێت بە شێر، کاک نەوشیروان دەیوت کەس ناوێرێ من بکوژێ، چونکە خەڵک دەمپارێزێت، تۆش گەر لە پڵنگی کاغەز دەترسیت بیر لە دەنگی خەڵک مەکەرەوە .

بۆ برادەرە سیاسی و عەسکەرییەکانی ناو یەکێتی رێزیان لێ بگرە، بەڵام نابێت لە یەکەم وێستگەی سیاسی گرنگی خۆتدا شکست بێنیت.

  1. کۆمەڵی ئیسلامی، بەڕێز کاک عەلی باپیر، ماوەیەکی زۆر باشە خۆت و حیزبەکەت خۆتان راگرتوە چ پێویستت بە لیستی گەندەڵکاران هەیە. خۆ تۆ پەیمانێکی جەنتڵمانانەت لەکەڵ کاک نەوشیروان هەیە وریا بە نابێت ئەو پەیمانە پێشێل بکەیت (جەنابت دەزانیت دەڵێم چی!) گەر کاک نەوشیروان بە جەستەش بە جێی هێشتوین بە رۆح و رێباز و بەرنامە لەگەڵمانە .
  2. یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، ئیتر گلەیی چییان لێ بکەین..

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە