کەرکوک و چیرۆکەکانی؛ تەعریب لە کەرکوک

مەلا فەرمان

لە پەڵکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، بۆ چوار مانگ دەچێت نزیکەی (150 – 200) عەرەبی سەڵتە زەلامی بەدوی سەربە عەشیرەتی شەمەر لە دورەوە هاتون و مۆڵیان داوە. سەرەڕای سەردانی پەرلەمانتارە کوردەکان لە پەرلەمانی عێراق و ئاگادارکردنەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ تا ئێستا وەک خۆیان ماون. لەسەرەوە و دەوروبەر هێزەکانی عێراق پاسەوانیان لێدەکەن. مانەوە و درێژدادڕیان و بێدەنگی حکومەتی عێراق پێدەچێت لە چاوەڕوانی بێزاربون و وەڕسبونی کوردەکان بن لە گوندەکە. ئەمەش درێژەپێدەری سیاسەتە تەعریبەکەی بەعسیە و ئێستا دەیانەوی بە شێوەیەکی تر جێبەجێی بکەن. لەیەکەم هەنگاودا ئەوەتا بەم گوندەوە نەوەستاوە و لە زێ پەڕیوەتەوە بۆ بەری قەزای دوبز و روەو کەرکوک و لەیلان و داقوق و پردێ و شوان هەنگاو دەنێ.

لە دوبز بەرەو کەرکوک بەڕێدەکەوی هەر لە ناو دوبزەوە هەست دەکەیت کە پرۆسەی تەعریب دەستی پێکردۆتەوە، لە بازاڕی دوبز سەدان سەروسیمای قەتنەدیو دەبینی، لەئاستی گوندەکانی مەرعی و قوشاقایە، قوتانەکان …. تا کەرکوک نیشانەکانی تەعریب بە باشی دەردەکەوێ.

“قریة البدیر” لە سەر تابلۆیەک نوسراوە و لەسەر جادەی گشتی دوبز – کەرکوک بە دو عامودەوە بە گەورەیی دانراوە، بۆ پاراستنیشی رەبایەیەکی هێزەکانی عێراق جێگیرکراوە. البودێر: ئەم ناوە ناوی ناحیەیەکی سەر بە دیوانیەیەو ئەم عەشیرەتە سەر بە مەزهەبی شیعەیە. لە دوای 1980 و دەرکردنی کورد لەو ناوچەیە بەعسیەکان لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا لەم ناوچەیە نیشتەجێی کردون. جگە لەم عەشیرەتە چەندین عەشیرەتی تری عەرەب هاتونەتە ناوچەکە و لە گوندەکانی مامە، عەلەغێر، نادراوە عەمشە و تەواوی گوندەکانی ئەو ناوچەیە بڵاوەیان لێکردوە. لێرە بۆ دەستی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی کەرکوک بەرەو ناوچەی ساڵەیی و شوان کشاون.

بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تەعریب پێدەچێت بەم شێوەیە هەنگاوبنێن:

هەنگاوی یەکەم

بڵاوە پێکردنی رەبایەی سەربازی لە ناوچەکە و دانانی چەند پشتێنەیەکی ئەمنی لە هەمان ئەو شوێنانەی سەردەمی بەعس.

هەنگاوی دوەم

بە پشتیوانی راستەوخۆی وەزارەتی کشتوکاڵ و دائیرەکانی و ئیدارەی کەرکوک و هاندانی لە پشتەوەی هێزە جیاجیاکانی عێراق، ئەم هاوردانە خەریکی نوێکردنەوەی گریبەستە کشتوکاڵیەکانی سەردەمی بەعسن. ئەمە لە کاتێکدایە کە: بە بڕیاری رەسمی هەمو ئەو گرێبەستانە پوچەڵکراونەتەوە: “”” قرار رقم 4، الامر الدیوانی 46، العدد (م.ر.ن/48/1373 ) لە 9/8/2006، اجتماع الثالث عشر، لە 4/2/2007 “””

هەنگاوی سێیەم

دروستکردنی خانوبەرە و نیشتەجێبون.

ئەم سێ هانگاوەش بەسن بۆ دەرپەڕاندنی جارێکی تری کورد لەو ناوچانە.

چارەسەر

  1. دەبێت هێزە سیاسیەکانی کورد راستەخۆ خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەم پرسە.
  2. پەرلەمانتارانی کورد فشار بخەنە سەر هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.
  3. وەک چۆن لەسەر بودجە بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەکرێت بە گوڕتر لەسەر پرسی کەرکوک بێنە دەنگ.
  4. ئاگادارکردنەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانان.
  5. دروستکردنی فشاری جەماوەری لە کەرکوک.
  6. خۆڕاگری و بەرگری پێکهاتەی کورد لە کەرکوک “لێرە ناڕۆین”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە