عەبادی: جەنگی ئێستا لەسەر دوبارە ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی وڵاتە

(سبەی):

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ دوبارە بونیادنانەوەی عێراق دەبێتە هۆی رەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ عێراقییەکان و دەشڵێت: دۆخی عێراق گونجاوە بۆ وەبەرهێنەران.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا کە لەکۆنگرەی دوبارە بونیادنانەوەی عێراق پێشکەشی کرد و لە وڵاتی کوەیت بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند؛ جەنگی ئێستای عێراق لەسەر دوبارە ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی وڵاتە، دۆخی عێراق بۆ هاتنی وەبەرهێنەران زۆر گونجاوە.

وتیشی: بونیادنانەوەی عێراق دەبێتە هۆی رەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ عێراقییەکان و پلانیشیان هەیە بۆ ئەوەی عێراق بچێتە ریزی گروپی ئابوری (جی 20)ی جیهانەوە.

رونیکردەوە، بەدەمەوەهاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق کارێکی زۆر گرنگە و دەبێت بتوانن سودی لێوەربگرن، جەختیشی کردەوە لەوەی کە عێراق لیژنەی باڵای پێکهێناوە بۆ کارئاسانیکردن و هاتنی وەبەرهێنەران بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە عێراق.

هاوکات هەر ئەمڕۆ لە کوەیت ریکس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند؛ کوەیت و عێراق و بانکی هاوردە و هەناردەی ئەمەریکا لێکتێگەیشتنێک بەبەهای سێ ملیار دۆلار ئیمزا دەکەن بۆ وەبەرهێنان لەعێراق بەتایبەتیش لەبواری گواستنەوەدا.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە