شەڕەکانی پاش داعش

د.سەردار عەزیز

داعش سوریا و عێراقی کردە گۆڕەپان و کۆمەڵێک هێزی جیاوازی هێنایە ناوچەکە. وەک چاودێران دەڵێن قۆناغی یەکەم، قۆناغی شەڕی داعش بو لە لایەک، لە لایەکی تر هەمو ئەم هێزە جیاوازانە، ئەم قۆناغە بە قۆناغی ئاسان دەستنیشان دەکرێت. بەڵام بە نەمانی داعش وەک هێزێک؛ قۆناغی دوەم دەست پێدەکات.

قۆناغی دوەم ئاڵۆزترە لە قۆناغی یەکەم، چونکە هەمو هێزەکان دەیانەوێت زۆرترین پانتایی و دەستکەوت و ئاسایش بۆ خۆیان دابین بکەن. ئەمەش مانای بەریەککەوتن و روبەروبونەوەی یەکتر. ئێمە لە سەرەتای ئەم قۆناغەداین. ئەم قۆناغە قۆناغی دروستکردنی گۆڕانکاریە، چونکە قۆناغی یەکەم، قۆناغی هاتن و جێگریبونی هێزەکان بو، بەڵام ئەم قۆناغە قۆناغی بەشکردن و ململانێ و داڕشتنەوەی سنوری قەڵەمڕەویە.

لەم قۆناغەدا یاریکەرەکان رەفتار و پەیوەندییان دەگۆڕێت. هەروەها ئەگەری هاتنی جەنگی نوێ، هەرە دیاریان بەریەککەوتنی شیعە و جولەکە، یان ئێران و ئیسرائیل.

ئەگەر پرسیارێک بکەین، پاشان لە ناواخنی پرسیارەکەدا هەوڵی شوێنکەوتنی هێڵە نوێکان بدەین: بۆچی روسیا رێگەیدا کە فڕۆکە ئیسرائیلیەکە بخرێتە خوارەوە؟ لە کاتێکدا ئەم پرسیارە دەکەین زۆرێک لە چاودێران بڕوایان وەهایە کە روسیا گڵۆپی سەوزی هەڵکردوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.

پێش خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئیسرائیلیەکە دو روداوی تر رویدا، یەکەمیان خستنەخوارەی فڕۆکەیەکی روسی، دوەمیان لێدانی هاوپەیمانانی ئەسەد، کە دەنگۆی ئەوە هەیە روسیشیان لە نێودابوە. ئایا روسیا بۆ تۆڵەکردنەوە، یان گەیاندنی پەیام بە ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی هەڵکرد بۆ خستنە خوارەوەی فرۆکە ئیسرائیلیەکە وەک لایەنێکی سەر بە ئەمەریکی؟

ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە بە بەڵێ بێت، ئەوا ئێمە لە بەردەم نەخشەیەکی نوێداین: ئەمەریکا، ئیسرائیل، کورد لە بەرامبەر ئێران، سوریا، روسیا بە شێوەیەک لە شێوەکان تورکیا.

بە لێدانی ئیسرائیل و کورد، پەیام و پلانی ئێران و روسیا و سوریا ئاشکرا دەبێت، کە نیازیانە ئەمەریکا لە ناوچەکە دەرپەڕێنن. ئەگەر لە بەیاننامەکەی حەمائیم بنواڕێت، روسەکان ئەمە بە ئاشکرا بە کورد دەڵێن. ئەوان بە کورد دەڵێن بۆ ئەوەی لە هێرشی تورکیا خۆتان بپارێزن بچنە ژێر باڵی ئەسەد. لە رێگەی ئەمەوە، هەوڵی ئەوەیان دا هەتا کورد و ئەمەریکا لەیەکتر دوربخەنەوە، بۆ ئەوەی هێندەی تر پێگەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لاوازبکەن، وەک وتم کە پلانیان وەهایە ئەمەریکا دەرپەڕێنن. بەڵام کاتێک کورد ئەمەی نەکرد، ئەوا ویستیان لە رێگای تورکیاوە کورد ناچاربکەن ئەم کارە بکات. رێگەدان بە تورک، روس و ئێران دەیانەوێت دو ئامانج بپێکن، لاوازکردنی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و کورد، هەروەها تورکیا و ئەمەریکا. ئەوان لەوەدا سەرکەوتوبون یاری شەترەنجەکە وەها لێبکەن کە ئەمەریکا بژاردەی ئاسانی نەبێت. ئەم هەوڵە بۆ دژایەتی و سنوردارکردنی ئەمەریکا و دەرپەڕاندنی پاش هەڵبژاردن چڕتر دەبێتەوە لە عێراق.

ئێمە لەم قۆناغەدا لە بەردەم چەند ئاڵۆزییەک و کۆمەڵێک ئەگەرداین:

یەکەم، ئایا شەڕەکان چۆن دەبن، ئیسرائیلیەکان دەیانەوێت شەڕی دەوڵەتی بێت، ئێرانیەکان دەیانەوێت میلیشیایی پرۆکسی بێت، ئایا کامیان بڕیاڕی خۆی دەسەپێنێت. ئیسرائیلیەکان چاوەڕوانی ئەمەیان کردبو، وەک ئای ئێن ئێس ئێس، خانەی بیری ئاسایشی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا باسی کردوە. ئەوروپاییەکان لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەمە رونەدات، بەڵام هەتا ئێستا رۆڵیان لاوازبوە.

دوەم، ئایا کورد ناچاردەکرێت کە بەرە هەڵببژێڕیت، ئەم بژاردەیە چۆن دەبێت. ئەمەریکاییەکان هەر کوردیان هەیە لە سوریا، لە عێراق کوردیان لە دەستدا. نەک بەوەی کورد دۆستیان نیە، بەڵکو بەوەی کوردیان سوککرد لە هاوکێشەی عێراقدا بەوەی بە کوردیان وت کەرکوک تەنها هی ئێوەنیە. ئیتر کورد هێندە سەنگی نیە کە گۆڕانکاری بکات لە عێراقدا. سیاسەتێک کە دەچێتە خانەی هەڵە بێشومارەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە. وەک زۆر چاودێری ئاسایشی بڕوایان وەهایە کە ئەوە بەهێزی ئێران نیە لە روی سەربازی و تەکنەلۆجیەوە، چونکە ئێران خۆی سیاسەتێکی بەرگرییانەی هەیە، بەڵکو هەڵەی کوشندەی نەیارەکانیەتی باڵایی ئێرانی دەستەبەر کردوە.

سێیەم، ململانێکان درێژە دەخایەنن، کراوەیە بۆ ئەگەری بونی بە شەڕی دەوڵەت-دەوڵەت.

چوارەم، خوێندنەوەی کۆدەکان مانای تر هەڵدەگرن، بۆ نمونە، ئەوانەی بڕوایان وەهایە بەبێ ئەسەد ئاشتی نابێت، لەمەودوا ئەم خواستە مانای جیاوازی هەیە، ئەوانەش بڕوایان وایە ئاشتی لە گەڵ ئەسەددا نابێت دیسانەوە مانای جیاوازی هەیە.

پێنج، وەک دەردەکەوێت، ئاوەدانکردنەوەی عێراق رونادات، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکاری عێراق ناکات لەم روەوە. ئایا سوننە چۆن لە گەڵ ئەم وێرانەدا مامەڵە دەکەن. هەروەها گەندەڵی و حەشد چارەسەرنابێت. بۆیە عێراقێکی جیاواز تەنها وەهمە. بەم پێیە ئێمە لە بەردەم نوێبونەوەی قەیرانەکانداین لە عێراق رەنگە بە ناو و جۆری جیاواز.

لە وەڵامی ریفراندۆمدا وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێت دو ئامانج بە سەر کورددا بسەپێنن: یەکەم لاوازکردنی کورد بە ئاستێک جارێکی تر باسی سەربەخۆیی نەکات. دوەم، دابڕینی کورد لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی نەبێتە بەشێک لە هاوکێشەی ململانێکانی ناوچەکە. داعش ئەم دو بنمایەی بە کورد دابو، بەڵام کورد بە هەڵە کۆدەکانی خوێندەوە لە بری ئەوەی خۆی پێ بەهێز بکات خۆی پێ لاوازکرد، بەوەی هەنگاوێکی هەڵنا کە هەمو جۆرە شێوازێکی کۆتایی پێهێنا بۆ ئەوەی لە دەرەوە پشتیوانی بکرێت. بەم جۆرە خۆی خستە ناو تەڵەی هێزە ئیقلیمیەکانەوە. ئێستا بە دەم تەڵەکەوە هەڵبەز و دابەزیەتی. ئایا دەمرێت یان رزگای دەبێت؟ بەشێکە لە ململانێکانی داهاتو!

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە