کۆنگرەکەی کوەیت، عێراق بێ هیوا دەکات

(سبەی):

دوای ئەوەی جەنگی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، زۆربەی ناوچەکانی عێراقی وێرانکردن و ملیۆنەها هاوڵاتیشی ئاوارەکرد، عێراق بەهیوای دوبارە بونیادنانەوەی وڵاتەکەی بەشداری لە کۆنگرەی کوەیت بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق کرد و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە بە (88) ملیار دۆلار هەیە، بەڵام هاوپەیمانان عێراقیان بێ هیواکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە دوەم رۆژی کۆنگرەی کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ عێراق، بەدەیان وڵات و سەدان کۆمپانیای بیانی و عەرەبی ئامادەی بون، ئەوەی رونە ئەمەریکا بەهیچ شێوەیەک هاوکاری راستەوخۆی پێشکەش نەکردوە و ئەوکارەی بۆ لایەنەکانی دیکە جێهێشتوە، لایەنەکانی دیکەش بەدەم ئەو کارەوە نەهاتون.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز-ی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، لە رۆژی سێیەمی کۆنگرەکە و پێش کۆتایی هاتنی بە چەند سەعاتێک، بەڵێنی وڵاتان بۆ هاوکاریکردنی عێراق گەیشتوەتە (25) ملیار دۆلار، لەکۆی ئەو (88) ملیار دۆلارەی عێراق بۆ دوبارە ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی وڵات پێویستی پێی هەیە.

هەروەها بەپێی وتەی وەزیری دەرەوەی کوەیت کە لەوتاری کۆتایی کۆنگرەکەدا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند؛ کۆی گشتی هاوکارییەکانی کە بۆ عێراق کۆکراوەتەوە، گەیشتوەتە (30) ملیار دۆلار.

گورزێکی شەرمنانە بۆ عێراق

ئەوەی لە کۆنگرەکە رویداوە گورزێکی شەرمنانە بو بۆ حکومەتی عێراق، کە توانایەکی کەمی هەیە بۆ دابینکردنی تێچوی دوبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکراوەکان، زۆربەی ئەو وڵاتانەشی لە کۆنگرەکەدا هاوکارییان پێشکەشکردوە، وڵاتانی کەنداو بون.

لە کۆنگرەکەدا ریکس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، کە وڵاتەکەی لە ساڵی (2014)ەوە بەبەهای یەک ملیار و (700) ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی پێشکەشی عێراق کردوە و هەروەها بڕی شەش ملیار دۆلاریشی وەک هاوکاری ئابوری و ئەمنی داوە بە عێراق، بەڵام زۆربەی ئەو هاوکارییانە لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامادا بو، هەربۆیە تیلەرسۆن لە کۆنگرەکەدا داوای لە وڵاتان کرد ئەوانیش رۆڵی خۆیان لەبەرامبەر عێراق ببینن.

بەڵام زۆربەی زۆری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوی کۆنگرەکە لەبری پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی، هیوای سەرکەوتنیان بۆ عێراق خواست، هەروەها بەوتەی سامی عەراجی، سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنانی نیشتیمانی عێراق “کۆمپانیا بەشداربوەکانی کۆنگرەکە تائێستا هیچ وەبەرهێنانێکیان پێشکەش نەکردوە و بەدوری زانی هیچ گرێبەستێک ئیمزا بکرێت”.

بەشێک لە وڵاتان نیگەرانن لەوەی کە دۆخێک هەیە بۆ هەدەردانی پارە، کە بەپێی راپۆرتی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق لە ریزبەندی دە وڵاتە گەندەڵەکەی جیهانە و هەروەها لەکۆی (61) ملیار دۆلاری ئەمەریکا کە وەکو هاوکاری گەشەپێدان لە نێوان ساڵانی (2003 بۆ 2012) پێشکەشی عێراقی کردوە، شەش ملیار دۆلاری دیار نەماوە، لەگەڵ بەهەدەردانی یەک ملیار دۆلاری دیکە، ئەوەش بەوتەی بەرپرسانی ئەمەریکی.

هەروها لە کۆنگرەکەدا عەبادی روبەروبونەوەی گەندەڵی کردوە بە پێشینەی کارەکانی و لە بەیاننامەیەکی (300) لاپەڕەیشدا لەبارەی وەبەرهێنانەوە، باسی لە شکستەکانی رابردو کردوە و بەڵێنی سەپاندنی چاودێری وردی دارایی داوە بۆ سندوقی هاوکارییەکانی دوبارە بونیادنانەوەی عێراق.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە