رۆیتەرز: لە هەفتەیەکدا (300) روسی لە سوریا کوژراون و برینداربون

(سبەی):

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، نزیکەی (300) کەسی روسی کە بۆ کۆمپانیایەکی سەربازی روسی تایبەت بە کرملن کاردەکەن لە سوریا، لەهەفتەی رابردودا کوژراون و برینداربون.

رۆیتەرز لەزاری سێ سەرچاوە یەک یەکێکیان پزیشکێکی سەربازی روسییە، ئاماژەی بەوەکردوە، کە نزیکەی (100) روسی کوژراون و سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێت: کوژراوەکان (80) کەسی تێپەڕاندوە و بە دەیان کەسی دیکەش برینداربون.

کوژران و برینداربونی ئەو روسییانە لەشەڕی رۆژی حەوتی ئەم مانگەدا بوە لە نزیک شاری دەیرزور-ی سوریا، کە بەوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا؛ لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئەمەریکا هێرشی کردوەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانی بەشدار ئەسەد.

هەرچەندە دواتر بەرپرسانی روسیا ئاماژەیان بەوەکرد کە پێنج هاوڵاتییان لە هێرشەکەدا کوژراوە، بەڵام سەرچاوەکانی روسیا دەڵێت: ئەو پێنج کەسە پەیوەندییان بە هێزەکانی روسیاوە نەبوە.

ئاشکراکردنی ئەو زانیارییانە ئاماژەیەکی رونە کە بەشداری روسیا لەروی سەربازییەوە لەسوریا، لەسەر ئاستێکی بەرفراواندایە تا دەگاتە ئاستی روبەڕوبونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا، ئەوەش بە زۆرترین ژمارەی قوربانی دادەنرێت کە روسیا لە یەک جەنگدا لەدەستی بدات، دوای شەڕ و پێکدادانەکانی ساڵی (2014) لە ئۆکرانیا کە زیاتر لە (140) چەکداری روسی کوژران.

رۆیتەرز لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئەوەشی بڵاوکردوەتەوە، کە بریندارەکانی ئەو شەڕە لەماوەی چەند رۆژی رابردودا گەیەندراونەتە چوار نەخۆشخانەی سەربازی روسی، کە پزیشکێکی سەربازی وتویەتی “پێشوازییان لە (50) بریندارکردوە کە برینی رێژەی (30٪)ی بریندارەکان سەختە”.

هەروەها سەرچاوەکەی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە، زۆربەی ئەوانەی کوژراون خانەنشینی سەربازی روسیان لە کەرتی تایبەت کە پێکدێن لە (550) کەس و کۆی گشتی ئەوانەی لەماوەی ئەو هەفتەیەدا کوژران و برینداربون، نزیکەی (300) کەس دەبێت.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە