عێراق؛ ژنە داعشە تورک و ئەڵمانییەکان لەسێدارە دەدات

ژنە چەکدارێکی داعش

(سبەی):

دادگای تاوانەکانی بەغدا، سزای لە سێدارەدان و بەندکردن بۆ ژمارەیەک چەکداری داعشی بەڕەگەز تورکی و ئەڵمانی و ئازەربیاجانی دەردەکات.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە؛ دادگای ناوەندی تاوانەکان لە بەغدا سزای لە سێدارەدانی بۆ ژنە چەکدارێکی داعش دەرکردوە، لەگەڵ سزای زیندانی هەتا هەتایی بۆ (10) ژنی بەڕەگەز تورکی و ئازەربایجانی بە تاوانی ئەندامێتیان لە گروپی داعش.

بەپێی ئاژانسەکە، سەرجەم سزادراوەکان، ژنی ئەو چەکدارە داعشانە بون کە لەشەڕەکاندا کوژراون و تەمەنیان لەنێوان (20-50) ساڵدا بوە و لە موسڵ و تەلەعفەر دەستگیرکراون.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا بڵاوی کردەوە؛ دادگای تاوانەکانی بەغدا سزای بەندکردنی بۆ ماوەی شەش ساڵ بەسەر لیندا دەبلیوی تەمەن (17) ساڵدا سەپاندوە، بەتاوانی پەیوەندی بە داعشەوە.

ئاژانسەکە بڵاوی کردەوە؛ ئەمڕۆ یەکشەممە سزای بەسەر ئەو ژنە ئەڵمانییەدا سەپاندوە و پێنج ساڵی سزاکەی بەهۆی پەیوەندییەوە بوە بە گروپی تیرۆریستی داعش و سزای یەک ساڵ زیندانی بەهۆی چونە ناو خاکی عێراق بەشێوەیەکی نایاسایی.

بەهۆی بچوکی تەمەن سزادراوەکەوە، پرۆسەی دادگاییەکە بەبێ ئامادەبونی خەڵک و لە دادگای نەوجوانان بەڕێوەچوە.

لیندای بەڕەگەز ئەڵمانی، ساڵی (2016) لە ویلایەتی سەکسۆنیای ئەڵمانیاوە خۆی گەیاندوەتە ناو ریزەکانی داعش و لە هاوینی ساڵی (2017) و لەکاتی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵ کردنەوەی موسڵدا دەستگیرکراوە.

سەرەتای ئەمساڵیش، دادگای تاوانەکانی بەغدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ژنێکی دیکەی ئەڵمانی بەڕەگەز مەغریبیدا سەپاند، بەهۆی پەیوەندی بە گروپی تیرۆریستی داعشەوە.

 

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی و دادوەریی، (509) هاوڵاتی بیانی کە لەناویاندا (300) هاوڵاتی تورک هەن، بەتۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیر کراون ، سەرجەمیان (813) منداڵیان لەگەڵدایە، کە زۆرینەیان لە دایک و باوکێکی ئەندامی داعش لە دایک بون.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە