“یەپەگە و سوپای سوریا رێککەوتن”

شەڕڤانانی یەپەگە لەسەر سنوری تورکیا

(سبەی):

ئاژانسێکی هەواڵ ئاشکرای دەکات؛ یەپەگە و سوپای سوریا رێککەوتن لەسەر چونەناوەوەی چەند یەکەیەکی سوپای سوریا بۆ سنوری کانتۆنی عەفرین و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی سوپای تورکیا و چەکدارانی سەر بەو وڵاتە.

ئاژانسی فوراتنیوز بڵاوی کردەوە؛ دوای ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستان، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سوپای رژێمی سوریا رێککەوتون لەسەر ئەوەی چەند یەکەیەکی سوپای سوریا بچنە سنورەکانی کانتۆنی عەفرین بۆ پاڵپشتی شەڕڤانان لە روبەڕوبونەوەی سوپای تورکیا و چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بەو وڵاتە.

ئاژانسەکە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی نزیک لە گفتوگۆکان بڵاوی کردەوە، دانوستانەکان لە چەند رۆژی رابردودا لە حەلەب بەڕێوەچون و سەرەتای بەهۆی دەستوەردانی روسیاوە نەگەیشتونەتە ئەنجام، بەڵام دواتر رێککەوتون لەسەر ئەوەی کە هاوکات لەگەڵ روبەڕوبونەوەی پەلامارەکانی تورکیا لە عەفرین، لەناوچەکانی باب و جەرابلوسیش ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا و چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیا کە لەژێر ناوی سوپای ئازاددا لەو ناوچانە جێگیرکراون.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەسەر زاری چیا کورد، راوێژکار لە ئیدارەی سوریای دیموکراتەوە بڵاوی کردەوە؛ یەپەگە و سوپای سوریا رێککەوتون چەند یەکەیەکی بچوکی سوپا لە سنوری کانتۆنی عەفرین لەگەڵ تورکیا جێگر بکرێن بۆ روبەڕوبونەوەی پەلامارەکانی تورکیا و لەماوەی دو رۆژی داهاتودا رێککەوتنەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

فوراتنیوز بڵاوی کردەوە؛ بەپێی ئەنجامی کۆتایی رێککەوتنەکە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجامدراوە، یەپەگە رێگە بە چەند یەکەیەکی دیاریکراوی سوپا دەدات بەهەماهەنگی بچنە سنورەکانی کانتۆنی عەفرین و پشتیوانی شەڕڤانان بکەن بۆ روبەڕبونەوەی سوپای تورکیا و چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان و پاشان لە ناوچەکانی باب و جەرابلوسیش لەژێر دەستی تورکیا دەربهێننەوە و هەرسێ کانتۆنی کۆبانی و عەفرین و جزیرە پێکەوە ببەستنەوە، بونی سوپای رژێمی سوریاش بەشێوەیەکی رەمزی دەبێت، وەکچۆن لە حەسەکە و قامیشلۆ بونیان هەیە، بەڵام دەسەڵاتی ئیداری و بەڕێوەبەریی لەدەستی کانتۆنەکاندایە.

بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکە، رێگریی کردنە لە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و بەوەش ئەو وڵاتە زیاتر لە (80%)ی تواناکانی لەدەست دەدات لەو پەلامارانەی کە بۆ سەر کانتۆنی عەفرین دەیکات بەوەش تورکیا ناچار بە پاشەکشە دەبێت لە سنوری کانتۆنی عەفرین.

سەرەڕی بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانە، ئاژانسی فوراتنیوز بڵاوی کردوەتەوە؛ تائێستا بەفەرمی رێککەوتنی نێوان هەردولا رانەگەیەندراوە و پێدەچێت لەچەند رۆژی کەمی داهاتودا بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە