بەشێوەیەکی سەرسورهێنەر لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئێرانییەکە رزگاری دەبێت

(سبەی):

هاوڵاتییەکی ئێرانی بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە بلیتی گەشتی ئەو فڕۆکە ئێرانییە ببڕێت کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە کەوتە خوارەوە، لە مەرگ رزگاری دەبێت و باس لە چیرۆکەکەی دەکات.

رەزا نەقیپور، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی (سپوتنیک) باس لە چیرۆکی رزگاربونی خۆی دەکات لەو روداوە و دەڵێت: دوای ئەوەی سەردانی نوسینگەی کۆمپانیای فڕۆکەوانەی (ئاسمان)ی کردوە بۆ ئەوە بلیتی ئەو گەشتە ببڕێت لە تارانەوە بۆ شاری یاسوج و نرخی گەشتەکەش کە راگەیاندرابو، (40) دۆلار بو، بەڵام کاتێک هەوڵیداوە بلیتی فڕۆکەکە ببڕێت پێیان راگەیاندوە کە نرخەکەی دو هێندە زیادیکردوە، ئەویش بلیتەکەی نەبڕیوە و رویکردوەتە کۆمپانیایەکی دیکە.

وتیشی: دوای ئەوەی شکستمهێنا لە دۆزینەوەی کۆمپانیای دوەم، بەناچاری پەیوەندیم بە کۆمپانیای یەکەمەوە کرد کە سەرەتا بۆی چوبوم، لەوێ تەماشام کرد نرخەکان دوبارە دابەزیبون، بۆیە بڕیارمدا بلیتێک ببڕم، بەڵام پێیان راگەیاندم کە بلیتی ئەو گەشتە تەواو بوە، بۆیە بەناچاری چوەتەوە بۆ ماڵەوە و دوای چەند سەعاتێک هەواڵی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی بینیوە.

وەک خۆی دەڵێت: کەمی توانای دارایی و گەڕان بەدوای بلیتێکی هەرزاندا، تەمەنێکی نوێیان پێ بەخشیم و من نیگەرانم لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم”.

رۆژی یەکشەممە فڕۆکەیەکی ئێرانی جۆری (ئەی تی ئار 72)ی سەر بە کۆمپانیای فڕۆکەوانی (ئاسمان) دوای (20) خولەک لە فڕینی لە فڕۆکەخانەی میهر ئابادی تارانەوە لە نزیک شاری سمیریم-ی پارێزگای ئەسفەهان کەوتە خوارەوە و (66) سەرنشین گیانیان لەدەستدا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە