فەرەنسا دژی کۆچبەران بڕیار دەدات

(سبەی):

حکومەتی فەرەنسا بڕیارە یاسایەکی تایبەت بە کۆچبەران و پەنابەران پەسەند بکات و بەو پێیە هەر کۆچبەرێک لە شەش مانگدا مافی پەنابەرێتیی پێنەدرا، دەبێت بە زوترین کات ئەو وڵاتە جێبهێڵێت.

ژرار کلۆمب، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاندوە؛ لە چوارچێوەی پرۆژەیاسایەکی نوێی تایبەت بە مافی پەنابەری لە وڵاتەکەیاندا، ئەو کۆچبەرانەی لە شەش مانگدا مافی پەنابەرییان پێنەدرێت، دەبێت بەزوترین کات بەرەو وڵاتەکەیان بگەڕێنەوە و بە پێچەوانەوە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا دەسەپێت.

ئەو پرۆژەیاسایەی فەرەنسا ناڕەزایەتی یەکێتی ئەوروپای لێکەوتوەتە، بەڵام حکومەتەکەی پاریس رایگەیاندوە لە ساڵی (2017) داوای مافی پەنابەری بە شێوەیەکی بەرچاو لە وڵاتەکەیاندا زیادی کردوە هەر بەو هۆیەوە حکومەت و وڵاتەکەیان روبەڕوی کێشە بونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە حکومەتی ئەڵمانیا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پرۆژەیاسای کۆچبەران لە فەرەنسا، ئاشکرای کردوە کە لە ساڵی (2017)دا داواکاریی کۆچبەران بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە وڵاتانی یەکێتی ئەروپا کەمی کردوە و بەوهۆیەوە نابێت تەنها وڵاتێک بە پرۆژە یاسا روبەڕوی کۆچبەران ببێتەوە و بە سزادان و زیندانیکردن فشار لە کۆچبەران بکات.

بڕیارە لە چەند مانگی داهاتودا ئەو پرۆژە یاسایە لە پەرلەمانی فەرەنسا بخرێتە دەنگدانەوە و بەوەش چارەنوسی (100) هەزار کۆچبەر لەو وڵاتە دەکەوێتە بەر مەترسیی بە زۆر گەڕاندنەوە یان سزای زیندانیکردن.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە