ماکرۆن بۆ ئەردۆغان: ئاگربەستەکە عەفرینیش دەگرێتەوە

(سبەی):

سەرۆکى فەڕەنسا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا بە ئەردۆغانى راگەیاندوە؛ پێویستە ئەو ئاگربەستەى راگەیەنراوە تەواوى خاکى سوریا بگرێتەوە و جێبەجێبکرێت بە عەفرینیشەوە، ئەوەش پشتبەستن بە بڕیارى (2401)ى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى.

ئەمڕۆ دوشەممە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا لە رێگەى تەلەفۆنەوە پەیوەندیەکى بە رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆک کۆمارى تورکیاوە کردوە و بەپێى بەیاننامەیەکى کۆشکى ئەلیزێ، ماکرۆن بە پێى راگەیاندوە؛ پێویستە ئاگربەستى سوریا لە ناوچەى عەفرینیش لە باکورى سوریا جێبەجێبکرێت و وتویەتى؛ ئاگربەستەکە تەواوى خاکى سوریا دەگرێتەوە بە عەفرینیشەوە، بۆیە پێویستە هەموان پابەندى بڕیارەکەى ئەنجومەنى ئاسایش بن.

هەرلەو بەیاننامەیەدا کە کۆشکى ئەلیزێ لەبارەى ناوەڕۆکى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە بڵاویکردوەتەوە، ماکرۆن ترسى خۆى نەشاردوەتەوە لە ئەگەرى بەردەوامبونى ئەو هێرشانەى خەڵکى مەدەنى و نەخۆشخانەکانیان کردوەتە ئامانج لە غۆتەى رۆژئاوا لەلایەن رژێمى سوریاوە، و بەپێویستى زانیوە بەپێى بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایش دەبێت بەشیوەیەکى راستەوخۆ شەڕ رابگیرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە لە شەممەى رابردوەوە ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى بڕیارى ئاگربەست و راگرتنى شەڕى لە خاکى سوریادا راگەیاند بۆ ماوەی یەک مانگ، لەیەکەم کاردانەوەدا یەپەگە پێشوازى لە بڕیارەکە کرد، بەڵام دوێنێ ئەردۆغان رەتیکردەوە پابەندى بڕیارەکەبن و ئەوەى خستەڕو عەفرین لەدەرەوەى ئەو بڕیارەیە و لەشکرکێشیەکەیان لەژێر ناوى (چڵى زەیتون) بەردەوامى دەبێت.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە