یەکەم ئیسرائیلى لەسەر پەیوەندیى بە داعشەوە حوکم دەدرێت

(سبەی):

دادگاى ئیسرائیلى کەسێکى وڵاتەکەى بە زیندانیکردن بۆ ماوەى (38) مانگ سزادا بە تۆمەتى پەیوەندیکردنى بە رێکخراوى داعشەوە، ئەوەش یەکەم ئیسرائیلیە لەسەر پەیوەندى بەو رێکخراوە حوکم بدرێت.

دادگایەکى ئیسرائیل دواى تۆمەتبارکردنى ڤالنتین مازلیڤسکى کە کۆچبەرێکى یەهودى بیلاروسی (40) ساڵە بە تۆمەتى هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن بە رێکخراوى داعشەوە، سزاى (38) مانگ زیندانى بەسەردا سەپاند.

میدیاکان بڵاویان کردەوە؛ مازلیڤسکى لە ساڵى (1996)ەوە چوەتە ئیسرائیل و لە مانگى شوباتى ساڵى (2017)ەوە دەستگیرکراوە، ئەوەش دواى چەند هەفتەیەک لە هەوڵدان بۆ ئەوەى سنورەکانى وڵاتەکەى تێپەڕێنێت و بچێتە سوریا بۆ پەیوەندیکردن بە رێکخراوى داعشەوە.

ئەو دادگایەى سزاکەى بەسەردا سەپاندوە، ئاماژەى بەوەکردوە کە مازلیڤسکى یەک ئامانجى هەبوە ئەویش پەیوەندیکردن بوە بە ریزەکانى داعشەوە و ئاسایشى ئیسرائیلى خستوەتە مەترسیەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر و لە ساڵى (2000)دا مازلیڤسکى دواى تەواوکردنى خزمەتى لە ریزەکانى سوپاى ئیسرائیل، دواى هاوسەرگیرى لەگەڵ ژنە مسوڵمانێک، خۆشى بوەتە مسوڵمان و لەماوەى رابردوشدا دەسەڵاتدارانى وڵاتەکەى ئاگادارى ئەوەبون کە بەردەوام چاودێرى و بەدواداچونى بۆئەو بابەتانە کردوە کە رێکخراوى داعش بڵاوى کردوەتەوە و بۆئەوەش لە ساڵى (2016)دا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ئاگادار کراوەتەوە و هۆشدارى دراوەتێ لەوەى بەشدارى هیچ چاراکیەکى ئەو رێکخراوە نەکات و خۆى بەدوربگرێت.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە