تاجیکییەک، بەڕێکەوت نەوەکەی لە عێراق دۆزییەوە

شوەیف وێنەی نەوەکانی بەدەستەوە گرتوە

(سبەی):

پیاوێکی تاجیکستانی بەڕێکەوت نەوە تەمەن (10) ساڵانەکەی لە عێراق دۆزییەوە، کە لەگەڵ دایک و باوکی وڵاتەکەیان لە پێناوی داعش بەجێهێشتبو.

میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردەوە، محەمەد شوەیفی تاجیکستانی ئاشکرای کرد دوای ماوەیەک لە دیارنەمانی کوڕەکەی و خێزانەکەی کە لە شەش کەس پێکهاتبون، دەرکەوت خۆیان گەیاندوەتە عێراق و پەیوەندیان بەڕیزەکانی داعشەوە کردوە.

ئەو پیاوە تاجیکییە کە کاری جوتیاری دەکات لە گوندێکی نزیکی پایتەخت، رایگەیاندوە: کوڕەکەی و هاوسەرەکەی و سێ منداڵی لە ناو ریزەکانی داعش تیاچون و تەنها ئەو نەوە کچە تەمەن (10) ساڵانە رزگاری بوە و بەزیندوێتی ماوەتەوە و دەیەوێت وەک یادگارییەکی خێزانی کوڕەکەی لەلای خۆی بهێڵێتەوە.

بەوتەی شوەیف، دواجار و لەناوەڕاستی ساڵی (2015) کوڕەکەی بۆ ماوەیەکی کەم بینیوە، پێشئەوەی بەیەکجاریی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی تاجیکستان بەرەو عێراق بەجێبهێڵێت، بەڵام پێیانڕاگەیاندوە کە دەچنە میسر نەک بۆ ناو رێکخراوێکی چەکداریی جیهادیی لە عێراق.

وتیشی :”هیچ زانیارییەکم نییە لەسەر چۆنیەتی مردنی کوڕەکەم و هاوسەرەکەی و سێ منداڵەکەی، بەڵام سێ مانگ پێش ئێستا زانیم کە بەهۆی بۆردومانی سەر شاری موسڵەوە لە ساڵی (2017) ئەندامانی خێزانەکەی تیاچون و تەنها یەک منداڵی رزگارییان بوە”.

دوای ماوەیەک لە تیاچونی سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی، محەمەد شوەیف بەڕێکەوت مریەمی نەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی روسیا دەبینێت کە تایبەتە بەو منداڵە روسی زمانانەی کە لە کەمپێکی تایبەت بە کەسوکاری چەکدارانی داعش بیانییەکان نیشتەجێ کراوە کە لە شەڕی موسڵ رزگارییان بوە.

مریەم، لەبەرنامەکەدا داوای لە کەسوکارەکەی کردوە بەهانایەوە  بچن و بیگەڕێننەوە وڵاتەکەی و دواتریش باپیری پەیوەندی بەدەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیەوە دەکات کە یارمەتی بدەن بۆ ئەوەی نەوەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی، لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی تاجیکستان بەڵێنیان پێداوە نەوەکە بۆ بگەرێننەوە، بەڵام ماوەیەک دەرفەتیان پێبدات بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.

لەلایەکی دیکەوە، نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوەی تاجیکستان بڵاوی کردەوە؛ لەگەڵ باڵێۆزخانەی عێراق گفتوگۆ دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ژن و منداڵانی چەکدارە داعشە تاجیکییەکان بۆ وڵاتەکەیان.

بەمەزەندەی حکومەتی تاجیکستان نزیکەی (200) منداڵ لەناو ئەو (1000) هاوڵاتیە تاجیکستانیانەدان کە وڵاتەکەیان بەرەو عێراق بەجێهیشتوە و پەیوەندییان بەداعشەوە کردوە و بەشێکیشیان لەڕێزەکانی ئەو رێکخراوەدا کوژراون، هاوکات لێبوردنی گشتی بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەرکردوە کە پەیوەندییان بە داعشەوە کردوە بەو مەرجەی بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی بکەنەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە