”عەبادی رازی بوە بە زیادکردنی پشکی هەرێم لە بودجەدا”

(سبەی):

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان گەیشتونەتە داڕشتنەوەیەکی هاوبەش سەبارەت بە بودجەی ئەمساڵ، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: عەبادی بە زارەکی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.

سەلیم جبوری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛ ئەمڕۆ دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گەیشتونەتە داڕشتنەوەیەکی هاوبەش سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجە کە رەزامەندی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە.

سەبارەت بە کۆبونەوەکەش، مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (سبەی) راگەیاند؛ پشکی کورد لە بودجەی ئەمساڵ شەش ترلیۆن و (500) ملیار دینارە، هەروەها حەیدەر عەبادی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر زیادکردنی پشکی کورد بۆ هەشت تەلیۆن و (500) ملیار دینار، بەڵام وەکو کورد داوای یەک ترلیۆن دیناری دیکە دەکەن بۆ ئەوەی پشکی کورد ببێت بە (9) ترلیۆن و (550) ملیار دینار.

وتیشی: لە کۆبونەوەکەدا داوامان کردوە حکومەتی عێراق بە نوسراو رەزامەندی لەسەر داواکانی کورد بدات، چونکە جۆرێک لە بێمتمانەیی هەیە و ئەگەر تەنها بە زارەکی و بەڵێن بێت، ئەوا حکومەت دەتوانێت لە داهاتودا لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە تانەی لێ بدات و هەڵیبوەشێنێتەوە.

بەوتەی مەسعود حەیدەر؛ بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەت بو بە لابردنی ئەو بڕگانەی کە لەبری هەرێمی کوردستان ناوی پارێزگاکانی هەرێم هاتوە و لەگەڵ گۆڕینی وشەی موچەی پێشمەرگە بۆ شایستە داراییەکانی پێشمەرگە.

جەختی لەوەکردەوە، وەکو پێكهاتەی کورد بە سەرۆکی پەرلەمانیان راگەیاندوە کە ئەگەر داواکانیان لەلایەن حکومەتەوە بە نوسراو رەزامەندی لەسەر نەدرێت، ئەوا دەنگ نادەن بە بودجەی ئەمساڵ.

هاوکات، ئەمین بەکر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (سبەی) راگەیاند؛ جەختیان کردوەتەوە لەسەر ئەوەی کە زیادکردنی پشکی هەرێم بە نوسراو بێت و جگە لەوە گرەنتی ئەوە بکرێت کە پارەکە بگات بە دەستی خەڵکی کوردستان.

سەبارەت بە کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ پرۆژە یاسای بودجەش، ئەو پەرلەمانتارە وتی”پێدەچێت کۆبونەوەکەی سبەینێ بۆ پەسەندکردنی بودجە بۆ دو رۆژی دیکە دوابخرێت و هەروەها لیژنەی دارایی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی داواکارییەکانی کورد لە پرۆژە یاسای بودجەدا”.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە