لەسلێمانی ژمارەیەک موەلیدەی ئەهلی سزا دەدرێن

(سبەی):

لەماوەی دو رۆژدا (15) موەلیدەی ئەهلی سلێمانی بەهۆی بەرزو نزمکردنی ڤۆڵتییە و کارنەکردن لەکاتی دیاریکراودا سزادراون.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ رایگه‌یاند: لە دو رۆژی رابردودا و بەهۆی پابەندنەبویان بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن (15) موەلیدەی ئەهلی سزادراون، كە بەشێك لە سەرپێچیەكانیان بریتیە لە بەرز و نزمكردنی ڤۆڵتییە، کە بەهۆیەوە هاوڵاتیان ناتوانن سود لەو بڕە كارەبایه‌ وەربگرن كه‌ لە موەلیدە وەریدەگرن.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ بەشێكی دیکەی سەرپێچییەكان، پابەندنەبونە بە كاتی دیاریكراوی كارپێكردنی موەلیدەكان، كە بەپێی گرێبەستی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشكردنی كارەبای سلێمانی و خاوەن موەلیدەكان، پێویستە به‌پێى ئه‌و خشتیه‌ى بۆ دانراوه‌ دواى بڕانى كارەبای نیشتمانی، موەلیدەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن بەمەرجێک لە (15) خولەك تێنەپەرێت.

بەوتەی گۆران قادر؛ لە گرێبەستی نێوان خاوەن موەلیدە و كارەبای سلێمانیدا هاتوە، لەكاتی هەبونی كێشە لە موەلیدەكەدا ئەگەر رێگربێت لە كاركردنی، لەدوای سێ سەعات خاوەن موەلیدە، مۆلیدەیەكی دیکە دابنێت و كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكات.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەكرد، ئەو خاوەن موەلیدانەی سەرپێچیان كردوە، گەر بەردەوام بن لە سەرپێچیكردن، كار بەو گرێبەستە دەكرێت كەلەنێوان بەرێوەبەرایەتی گشتی دابەشكردنی كارەبای سلێمانی و خاوەن موەلیدە ئەهلیەكاندا كراوە، كە بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە و دانانی مۆلیدەیەكی دیکە لە جێگەكەی دوای ئەوەی لەڕێگەی تیروپشكەوە مۆڵەت دەدرێت بە كەسێكی دیکە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە