جبوری: سبەینێ دەنگ لەسەر بودجە دەدرێت

کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق- ئەرشیف

(سبەی):

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لەسەرجەم پەرلەمانتاران دەکات ئامادەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان بن بۆ پەسەندکردن و دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە.

سەلیم جبوری، لە بەیاننامەیەکدا داوای لەسەرجەم پەرلەمانتاران کرد سبەینێ پێنجشەممە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بن بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی عێراقی بۆ ساڵی (2018).

ئاماژەی بەوەکردوە؛ دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە کاریگەریی و بەربەستی گەورە لەبەردەم کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت دروست دەکات، بەتایبەتی لەم دۆخە دارایی و ئابورییەی ئێستای عێراق و هۆکارە بۆ سستی بازاڕ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، لەگەڵئەوەشدا دواکەوتنی بودجە کێشەی سیاسی لێدەکەوێتەوە.

بەوتەی جبوری؛ هەموان دەیانەوێت سەرکەوتن و دەستکەوتی زیاتر بۆ وڵات بەدەستبهێنن و دۆخی ئابوریی ببوژێتەوە و دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیان باشتر بێت، شاڕێ بۆ ئەو پرۆسەیە داڕشتنەوە و پەسەندکردنی بودجەیە، بۆیە پێویستە پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتنی سبەینێ بن و هەڵەکانی رابردو دوبارە نەکەنەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، سەلیم جبوری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛ دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گەیشتونەتە داڕشتنەوەیەکی هاوبەش سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجە کە رەزامەندی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە.

سەبارەت بە کۆبونەوەکەش، مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (سبەی) راگەیاند؛ پشکی کورد لە بودجەی ئەمساڵ شەش ترلیۆن و (500) ملیار دینارە، هەروەها حەیدەر عەبادی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر زیادکردنی پشکی کورد بۆ هەشت ترلیۆن و (500) ملیار دینار، بەڵام وەکو کورد داوای یەک ترلیۆن دیناری دیکە دەکەن بۆ ئەوەی پشکی کورد ببێت بە (9) ترلیۆن و (550) ملیار دینار.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە