بەغدا: تەنها یەک کێشەمان لەگەڵ هەرێم ماوە

(سبەی):

وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت: کێشەی گرنگیان لەگەڵ هەرێم چارەسەر کردوە، دەشڵێت: بەم نزیکانە بابەتی قەدەغەی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم چارەسەر دەکرێت.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی (سوپتنیک)ی روسی راگەیاند؛ مەرج نیە ماوەی قەدەغەی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم سێ مانگی دیکە بخایەنێت، بەڵکو حکومەتی هەرێم وەڵامی بەغدا بداتەوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر هەردو فڕۆکەخانەکە، ئەوا راستەوخۆ قەدەغەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان هەڵدەگیرێت.

وتیشی: لیژنە تایبەتەکانی نێوان حکومەتی بەغدا و هەرێم لەماوەی رابردودا چەندین دیدار و کۆبونەوەیان هەبوە لەبارەی قەدەغەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان و لەکۆی سێ کێشە توانراوە دو کێشەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم چارەسەر بکرێن.

وتەبێژەکەی نوسینگەی عەبادی باسی لەوەکرد، کێشەی یەکەم کە چارەسەرکراوە، پەیوەندی بە گومرگی فڕۆکەخانەکانی هەرێمەوە هەیە کە لەژێر سەرپەرشتی حکومەتی بەغدایە و کێشەی دوەمیش پەیوەندی بە پاسپۆرت و ڤیزاوە هەیە لەرێگەی هەردو فڕۆکەخانەکەوە کە ئەویش ئێستا لە دەستی حکومەتی ناوەندیدایە.

وتیشی: کێشەی سێیەم کە چارەسەر نەکراوە پەیوەندی بە دەسەڵاتی ئەمنی و ئیدارەی ئەمنی فڕۆکەخانەکەوە هەیە کە لای کێ بێت، ئەو کێشەیە تائێستا یەکلا نەکراوەتەوە و ئەگەر ئەو کێشەیە لە نزیکترین کاتتدا چارەسەر بکرێت، ئەوا راستەوخۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم دەستپێ دەکاتەوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە