عێراق؛ داهاتی گومرگ بە رێژەی (50%) زیادیکردوە

دەروازەیەکی سنوریی عێراق لەگەڵ ئوردن

(سبەی):

داهاتی گومرگی دەروازە سنورییەکانی عێراق بەرێژەی (50%) زیادیکردوە و تەنها لە کانونی دوەمی ئەمساڵدا گەیشتوەتە (110) ملیار دینار.

رۆژنامەی (سەباح)ی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داراییی عێراق بڵاویکردەوە، داهاتی دارایی وڵات بەشێوەیەکی بەردەوام بەرەو زیادبون دەچێت، ئەوەش لە ئەنجامی رێوشوێن و پلانەکانی حکومەت بۆ زیادکردنی قەبارەی داهات جگە لە نەوت لە بودجەی گشتیدا.

ئاماژەی بەوەکرد، زیادبونی داهاتەکان کۆمەڵێک لە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی گرتوەتەوە، لەوانە گومرگ کە بە رێژەیەکی بەرچاو داهاتەکەی زیادیکردوە، بەجۆرێک کە لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵ رێژەی داهات (50%) زیادیکردوە لە چاو هەمان مانگی ساڵی رابردو.

بەوتەی سەرچاوەکە؛ داهاتی گومرگ و دەروازە سنورییەکان لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵدا گەیشتوەتە زیاتر لە (110) ملیار دینارو ئەمەش دو ئەوەندەی هەمان مانگی ساڵی رابردوەو وتی: “زیادبونی داهات بەهۆی کاراکردن و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و زیاترکردنی چاودێرییە لە دەروازە سنورییەکان”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە