وۆرکشۆپی کارامەییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت

(سبەی):

وۆرکشۆپی کارامەییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و، چەند ئەندامێکی کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەلایەن پەیمانگای دیموکراسی نیشتمانی ئەمەریکی بەڕێوەچو.

بە درێژایی سێ رۆژی وۆرکشۆکەکە کە رۆژانی (٢٨ی شوبات و یەک و دوی ئازاری ٢٠١٨) لە هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی بەڕێوەچو، ئەجێندای خولەکە جەختی لەسەر راهێنان و بەهێزکردنی بەشداربوان دەکرد بۆ ئامادەکارییان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تێیدا جۆش هێڵتز، راوێژکاری پەیمانگای دیموکراسیی نیشمانی و خاوەنی ئەزمونێکی بەربڵاو لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە چەندین وڵاتی پێشکەوتو و گەشەسەندو، تیشکی خستە سەر بنەماکانی کەمپەینێکی هەڵبژاردنی سەرکەوتو بۆ پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئەو ئەولەویەتانەی پێویستە لەبەرچاوی بگرن.

ئەجێندای وۆرکشۆپەکە، پێشکەشکردنی کارامەیی پێویست بو بۆ ئەوەی بەشداربوان هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی کاریگەر بەڕێوەببەن بەشێوەیەک هەنگاو بە هەنگاو باسی پرۆسەی پلاندانان و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن کرا، لەو روەوە بەکارهێنانی سەرچاوەکان و پێکهێنانی تیمی هەڵمەت، بەئامانجکردنی دەنگدەران، پلاندانان بۆ پەیوەندیکردن بە دەنگدەران وەک هەڵمەتی ما‌ڵ بە ماڵ، داڕشتن و گەیاندنی پەیامی سیاسی. هەروەها زانیاری پڕسود دەربارەی داواکاری یاسایی و رێساکانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردن، لەوانەش رێسای هەڵسوکەتی هەڵمەتکردن و خۆدورخستنەوە لە بەکارهێنانی وتاری تایفەگەرێتی و توندوتیژی جەستەیی و قوڵکردنەوەی کێشەکان.

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری وۆرکشۆپەکە رایگەیاند؛ بزوتنەوەی گۆڕان پلانێکی گشتگیری داناوە، بۆ بەرزکردنەوەی تواناسازی هەڵسوڕاوانی و بەڕێوەبردنی کەمپەینێکی هەڵبژاردنی کاریگەر کە تیایدا لەسەر ئاستی هەمو پارێزگا و ناوچە گرنگەکان چەندین هەڵسوڕاوی چالاک بەشداری لە وۆرکشۆپ و سیمینار و کۆرس و دەرسگوتاری زانستی و پراکتیکی دەکەن، لەو رێگایانەوە زانیاری پێویست دەخرێتە بەردەست سەرچاوەی مرۆیی گۆڕان و ئامادە دەکرێن بۆ پەیوەندیگرتن بە دەنگدەران و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن.

وۆرکشۆکە بە بەشداری (١٠) هەڵسوڕاو لە ژوری هەڵبژاردن و لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکوک، ناوچە دابڕاوەکان و هەڵەبجە و چەند مەکۆیەکی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچو، کە تێیدا جگە لەوەی وەک گروپێکی کارا ئەرکەکانیان بەجێگەیاند، هاوکات چەندین راسپاردە و پێشنیاری بەسودیشیان بۆ لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەرزکردەوە، بە ئامانجی لەبەرچاوگرتنیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە