“نهێنییەکان” لە کۆشکى سپى .. ترەمپ کچ و زاواکەى دەردەکات؟

(سبەی):

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئیدارەى ترەمپدا وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ زانیارییە نهێنییەکان نەکراوە لە کۆشکى سپیدا، هەروەک دورخستنەوەى ئیڤانکا و هاوسەرەکەى لەلایەن ترەمپەوە بەدور نازانرێت.

جۆن کیلى گەورە فەرمانبەرى کۆشکى سپى نایشاریتەوە لە ئیدارەى دۆناڵد ترەمپدا وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ زانیارییە نهێنییەکان نەکراوە لە کۆشکى سپى، بەشێوەیەک بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند؛ (35 بۆ 40) فەرمانبەر هەن لەناو کۆشکى سپیدا دەسەڵاتیان پێدراوە کە بەڵگە و زانیارییە نهێنییەکان ببینن لەکاتێکدا پێویست نییە ئەو کەسانە ئەو زانیاریانە ببینن.

کیلى جەخت دەکاتەوە لەوەى کە لەناو ئیدارەى ترەمپ و ئێستاى کۆشکى سپیدا شتێکى نایاسایى روینەداوە، بەڵام ئەوەى کراوە لەئاست پێویستدا نەبوە.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر گەیشتنى زانیارییە نهێنییەکانى کۆشکى سپى بە جارید کۆشنەرى زاواى ترەمپ قەدەغەکرا و ئێستاش راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لە ئەگەرى دەرکردنى لە کۆشکى سپى دەکەن.

رۆژنامەى نیویۆرک تایمز لەوبارەیەوە  بڵاویکردەوە؛ بەشێک لە یاریدەدەرەکانى ترەمپ لە کارەکانى ئیڤانکاى کچى و کۆشنەرى زاواى رازى نین کە لە ئیدارەکەیدا کار دەکەن و ئەوە دەخەنەڕو کە ترەمپ هەندێک جار ئاماژە بەوە دەکات کە پێویست نییە ئەو دوانە لە کۆشکى سپى بن و دەبێت بڕۆن لەبارەى جۆنیەتى دەرکردنیانەوە راى جۆن کیلى وەرگرتوە، بەڵام هەندێک لە یاریدەدەرەکانى دیکەى باس لەوە دەکەن کە ترەمپ خۆى داواى لە کچ و زاواکەى کردوە بمێننەوە.

هەروەک راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن؛ لێکۆڵینەوە لەبارەى کارەکانى کۆمپانیا بیناسازیەکەى کۆشنەر و ئەو هەڵا میدیاییەى لەسەرى دروستبوە ترەمپى نیگەران کردوە و رەنگە کاردانەوەى هەبێت.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە