تورکیا چاوەڕوانى ئەو دۆخەى نەکردوە .. (16) چەکداری دیکەی تورکیا کوژران

(سبەی):

ئەمڕۆ (43) رۆژە تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانى بۆ سەر عەفرین و دوای هەینییەکی خوێناوی ئەمڕۆش (16) سەرباز و چەکداری سەر بە تورکیا لە ناوچەی راجۆ کوژران، هەندێک لە میدیا جیهانییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە پلانداڕێژەرانى ئۆپەراسیۆنەکە لە ئەنکەرەوە پێشبینى ئەو دۆخەى شەڕیان نەکردوە لە عەفرین.

ئەمڕۆ شەممە، شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان شەڕڤانان و سەربازان و چەکدارانی تورکیا رویدا و لە ئاکامدا یەپەگە ئاشکرای کردوە تەنها لە ناوچەی راجۆ-ی سەر بە کانتۆنی عەفرین (16)چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون و ئەو وڵاتە بۆ قەرەبوکردنەوە گورزەکان بە هێلیکۆپتەر تۆپ و چەکی قورسی بۆ ئەو ناوچەیە گواستوەتەوە.

شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە)، ئاشکرایان کردوە کە دوای ئەوەی رۆژی رابردو بەهۆی کوژرانی زیاتر لە (48)سەربازی سوپای تورکیاوە سوپای ئەو وڵاتە توشی شکستی گەورە بوەوە، ئەمڕۆ بە هێلیکۆپتەر تۆپ و چەکی قورسی بۆ راجۆ گواستوەتەوە، بەڵام هەر ئەمڕۆ لە شەڕ و پێکدادانی ئەو ناوچەیەدا (16)سەرباز و چەکداری دیکە تورکیا کوژراون و دو ئۆتۆمبێل تێکشکێندراون.

ئاماژەیان بەوەکردوە کە شەڕ و پێکدادانی قورس لە راجۆ بەردەوامە و میدیای تورکیا بۆ ئەوەی شەڕی دەرونی بکەن، بڵاویان کردوەتەوە کە ناوچەی راجۆ کەوتوەتە دەست ئەو وڵاتە.

لە لایەکی دیکەوە شەڕڤانان لە گوندی بافلۆن و چەم-ی ناوچەی شەرا ئۆتۆمبێلێکی سوپای تورکیایان تێکشکاند و شەڕ و پێکدادانی سەخت رویداوە .

ئەوە لەکاتێکدایە (سکاى نیوز) دواى ئەو گورزەى بەر سەربازان و سوپاى تورکیا کەوتوە، بڵاویکردەوە؛ نەخشە داڕێژەرانى ئەنکەرە چاوەڕوانى ئەو دۆخەى شەڕیان نەکردوە لە عەفرین، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ زۆرى ژمارەى کوژراوانى سەر بە سوپا و چەکدارەکانیان و ئەو زیانانەى بەریان کەوتوە لەماوەى رابردودا.

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە