وردەکارییەکەی لە (سبەی) … بودجەی عێراق پەسەند کرا

کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق- ئەرشیف

(سبەی):

سەرەڕای بایکۆتکردنی دانیشتنەکە و ناڕەزایەتی لە ژمارەیەک بڕگە و بابەتی، پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و زۆرینەی دەنگ پرۆژە یاسای بودجەی پەسەندکرد.

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراقدا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2018) پەسەند کرا و بەپێی پرۆژەکە، پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ریژەی دانیشتوانی دیاری دەکرێت، لەگەڵ مەرجی رادەستکردن و پرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەغداوە.

لە دانیشتنەکەدا، لەسەر داواکاریی و خواستی سوننەکان ژمارەیەک مادە و بڕگەی یاساکە لابران بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەست بون بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتوەکانی شەڕی داعش، لەبەرامبەردا سەرەڕای ناڕەزایەتی زۆری فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بایکۆتکردنی دانیشتنەکە، پشکی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی (12.7%) پەسەندکرا، کە پشتی بەستوە بە ئامار و رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی بڵاوکراوەی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆی گشتی داهاتی عێراق بۆ ساڵی (2018) بە (91.643.667.236) هەزار دینار، واتە (91) ترلیۆن و (643) ملیار و (667) ملیۆن و (236) هەزار دینار خەملێنراوە، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکە هەناردەکردنی نەوتە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو بە (46) دۆلار و لەسەر بنەمای هەناردەکردنی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لەناویدا (250) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی پرۆژە پەسەندکراوەکە، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بۆ ئەمساڵ بە (104.158.183.734) هەزار دینار (104) ترلیۆن و (158) ملیار و (183) ملیۆن و (734) هەزار دینار خەمڵێنراوە و بەوپێیەش کورتهێنانی بودجەی عێراق بە (12.514.516.498) هەزار دینار (12) ترلیۆن و (514) ملیار و (516) ملیۆن و (498) هەزار دینار خەمڵێنراوە.

دوابەدوای کۆبونەوەکە، سەلیم جبوری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گرنگترین خاڵەکانی بودجەی رونکردەوە و رایگەیاند: گرنگی ئەو یاسایە ئەوەیە کە بڕیاردراوە بە گواستنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگاکان و هەروەها بابەتی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران کۆتایی هات، لەبەرامبەردا سوپاسی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق کرد بەهۆی ئەو هەڵوێستەوە لە ساڵانی رابردودا هەیانبوە کە رازی بون بەشێکی موچەکەیان ببڕدرێت بۆ خزمەتی ئاوارەکان و حەشدی شەعبی.

سەبارەت بە داواکارییەکانی کورد لە بودجەدا، جبوری رایگەیاند: لە بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستانمان چارەسەرکردوە ئەویش بە پابەندکردنی حکومەت بە پێدانی موچەی فەرمانبەران و چاودێریی کۆمەڵایەتی و موچەی پێشمەرگە و پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

وتیشی :”پشکی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان دانراوە لەگەڵ دروستکردنی هۆڵێکی گونجاو بۆ ئەو پارێزگایە”.

بەوتەی جبوری؛ رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کراوەتە پێوەر بۆ دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق، لەسەر بنەمای ئەوەی کە گەلی کوردستان قوربانی زۆری داوە و شایستەی ئەوەیە پەرلەمان و حکومەت چاودێریی ئەو دۆخە قورسەی بکات کە پێیدا تێپەڕدەبێت بەتایبەت پرسی موچە و پارەی جوتیاران و بژێوی سەختی خەڵک، بۆ ئەوەش پێویستە حکومەتی ئیتیحادی پابەندبێت بە چارەسەری گرفتەکانی هەرێمی کوردستان.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە