وردەکاریی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا

(سبەی):

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەبێ ئامادەبونی پەرلەمانتارانی کورد، پرۆژە یاسای بودجەی گشتی پەسەندکرد، کە جگە لە بڕگەکانی تایبەت بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، دو مادەی یاساکە تایبەتە بەهەرێمی کوردستان، لەم راپۆرتەدا (سبەی) وردەکاریی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێم دەخاتەڕو:

 

کورد بایکۆتی کرد

هەرچەندە داواکارییەکانی کورد بۆ تەرخان کردنی (17%)ی بودجەی گشتی عێراق جێبەجێ نەکراو بەهۆیەوە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد بۆ پەسەندکردنی بودجە، بەڵام بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران کۆی گشتی بودجەکە پەسەندکرا، کە دو مادەی تایبەت و چەند بڕگەیەکی تایبەتە بەهەرێمی کوردستان، بەمشێوەیەی خوارەوە:

 

سۆمۆ؛ نەوتی هەرێم دەفرۆشێت

مادەی یەکەمی یاساکە، بودجەی گشتی عێراق لەسەر بنەمای هەناردەکردنی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە خەمڵێنراوە، هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە هەناردەکردنی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە.

 

بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان

سەبارەت بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان (400) ملیار دینار بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تەرخانکراوە، لەناویاندا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەپێی رێژەی دانیشتوان، لەسەر بنەمای ئەو پرۆژانەی کە پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا لە بواری ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوە و پەرەپێدانی پارێزگاکانیان پێشکەشی دەکەن.

 

(12.7%)ی بودجە بۆ هەرێم

مادەی (9)ی یاسای بودجەی گشتی عێراق، تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوانی پارێزگاکانی هەرێم دانراوە و بەپێی خەمڵاندنەکان پشکی هەرێم نزیکەی (12.7%)ی بودجەیە، ئەویش دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی سیادە و حاکیمە.

 

لە مادەی (10)ی یاسای بودجەدا هاتوە، کە پێویستە سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (2004-2014) پاکتاو بکرێت، لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە بەپێی خەرجییەکانی پارێزگاکان لەو ماوەیەدا و ئەژمێری کۆتایی بودجە (حسابات الختامیة).

 

موچە و بودجەی پێشمەرگە

لە بڕگەی (ب)ی مادەی (10)ی بودجەی عێراقدا هاتوە کە، بەشێک لە تەرخانکراوەکانی هێزە وشکانییەکانی عێراق بۆ موچەی هێزی پێشمەرگە تەرخان دەکرێت وەک بەشێک لە سیستمی بەگریی عێراق، ئەوەش لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.

لە بڕگەی (ج)ی هەمان مادەدا هاتوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتەکانی نەگەڕاندەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەتی فیدراڵی، ئەوا بڕگەکانی دیکەی یاساکە جیبەجێ ناکرێن و وەزارەتی دارایی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەبڕێت و ناینێرێت.

 

گەڕاندنەوەی پارەی نەوتی کەرکوک

لە بڕگەی (د)ی هەمان مادەدا هاتوە، کە وەزارەتەکانی نەوت و دارایی عێراق بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە ساڵانی (2014-2017) ئەژمار دەکەن و رێژەی پترۆدۆلاری پارێزگاکە دیاری دەکەن و ئەو بڕە پارەیە لە بودجەی کەرکوک دەبڕن.

هەروەک شایستە نەدراوەکانی کەرکوک لە پارەی پترۆدۆلار کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە خەرج نەکراوە، لە پشکی بودجەی ساڵی (2018)ی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.

 

پترۆدۆلاری کەرکوک

بڕگەیەکی دیکە بودجە، حکومەتی هەرێمی پابەند کردوە بەوەی کە پارەی پترۆدۆلاری کەرکوک بگەڕێنێتەوە بۆ شارەکە، بەتایبەتی ئەو بڕەی کە خەرج نەکراوە و لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان هەڵگیراوە، بخرێتەوە سەر حساب بانکی پارێزگای کەرکوک.

 

ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی (2018) پەسەند کرد، کە کۆی گشتی داهاتی عێراق بۆ ساڵی (2018) بە (91.643.667.236) هەزار دینار، واتە (91) ترلیۆن و (643) ملیار و (667) ملیۆن و (236) هەزار دینار خەملێنراوە، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکە هەناردەکردنی نەوتە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو بە (46) دۆلار و نرخی یەک دۆلار بەرامبەر (1182)دیناری عێراقی ئەژمارککراوە، لەسەر بنەمای هەناردەکردنی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، لەناویدا (250) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی پرۆژە پەسەندکراوەکە، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بۆ ئەمساڵ بە (104.158.183.734) هەزار دینار، (104) ترلیۆن و (158) ملیار و (183) ملیۆن و (734) هەزار دینار خەمڵێنراوە و بەوپێیەش کورتهێنانی بودجەی عێراق بە (12.514.516.498) هەزار دینار،  (12) ترلیۆن و (514) ملیار و (516) ملیۆن و (498) هەزار دینار خەمڵێنراوە.

 

جبوری: پشکی هەرێم دانراوە

سەبارەت بە داواکارییەکانی کورد لە بودجەدا، سەلیم جبوری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستانمان چارەسەرکردوە ئەویش بە پابەندکردنی حکومەت بە پێدانی موچەی فەرمانبەران و چاودێریی کۆمەڵایەتی و موچەی پێشمەرگە، پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە دابین کردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

وتیشی :”پشکی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان دانراوە لەگەڵ دروستکردنی هۆڵێکی گونجاو بۆ ئەو پارێزگایە لەسەر بودجەی حکومەتی فیدراڵی”.

بەوتەی جبوری؛ رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کراوەتە پێوەر بۆ دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق، لەسەر بنەمای ئەوەی کە گەلی کوردستان قوربانی زۆری داوە و شایستەی ئەوەیە پەرلەمان و حکومەت چاودێریی ئەو دۆخە قورسەی بکات کە پێیدا تێپەڕدەبێت بەتایبەت پرسی موچە و پارەی جوتیاران و بژێوی سەختی خەڵک، بۆ ئەوەش پێویستە حکومەتی ئیتیحادی پابەندبێت بە چارەسەری گرفتەکانی هەرێمی کوردستان.

 

عەبادی: پابەندین بە دابینکردنی موچەی فەرمانبەران

هەر دوابەدوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی پەسەندکردنی بودجەوە، رایگەیاند: ئەرکی حکومەتە بە بەرپرسیارێتی سەرشانی خۆی هەستێت و سیاسەت و پرۆژە خزمەتگوزاریی و پرۆژەکانی پەرەپێدان و بەرنامەی ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆی جێبەجێبکات بۆ دەستەبەرکردنی ماف و بەرژەوەندی هاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەران لەسەرانسەری عێراقدا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە