فشارەکانی ئەمەریکاو فەرەنساو بەریتانیا لەسەر ئەسەد زیاتردەبێت

قوربانییەکی بۆردومانەکانی غۆتەی رۆژهەڵات

(سبەی):

سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئەمەریکا و فەرەنسا، لەڕێگەی روسیاو ئێرانەوە فشار دەخەنە سەر بەشار ئەسەد بۆ کۆتایی هێنانی هێرشەکانی بۆسەر غۆتە و پابەندبونی بە ئاگربەستەوە.

وتەبێژی نوسنگەی تێریزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هەردولا داوایان لە روسیا کردوە کە هەیمەنە و نزیکی خۆی بەکاربهێنێت بۆ فشار خستنە سەر بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سوریا بۆ راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر شاری غۆتەی رۆژهەڵاتی دیمەشق.

لەلایەکی دیکەوە، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ تاران قۆستەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ئەنجامبدات، تا فشار بخاتە سەر رژێمی سوریا بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی بۆ سەر غۆتەی رۆژهەڵات، کە لەلایەن سوپای سوریاوە گەمارۆدراوە بەبەردەوامی هێرشی ئاسمانیی دەکرێتەسەر، تا بتوانرێت هاوکاریی مرۆیی بگەیەندرێتە خەڵکی گەمارۆدراوی شارەکە.

ماکرۆن و رۆحانی، رێککەوتن کە پێکەوە و لە چەند رۆژی داهاتودا لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە کاری جدی بکەن بۆ وەستاندنی هێرشەکانی سەر ئەو شارە گەمارۆدراوە و جێبەجێکردنی بڕیاری ئاگربەست کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەنگی لەسەر دراوە، تابتوانرێت هاوکاریی رێکخراوە مرۆییەکانی بگەیەندرێتە ئەو شارە کە لە دۆخێکی سەختدان.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە