فڕۆکەیەکی روسی لە سوریا تێکشکا .. (32) کەس گیانیان لەدەستدا

(سبەی):

وەزارەتی بەرگری روسیا تێکشکانی فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی وڵاتەکەی لە سوریا و گیان لەدەستدانی (32) کەسی راگەیاند.

وەزارەتی بەرگری روسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی وڵاتەکەی لە نزیک بنکەی سەربازی حومەیمیمی سەربازیی باکوری رۆژئاوی سوریا و پێش نیشتنەوەی تێکشکاوە و تیمی فڕۆکەوانی و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی بەیاننامەکە، فڕۆکەکە لە جۆری (ئەنتۆنۆڤ-26) بوە سەعات (15:00) بەکاتی مۆسکۆ و بەدوریی (500) مەتر پێش گەیشتنی بەڕێڕەوی نیشتنەوە، کەوتوەتە خوارەوە و بەهۆیەوە (26) سەرنشین و شەش کەس لە تیمی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە و هیچ کەسێک لەسەرنشین و تیمی فڕۆکەکە رزگاریان نەبوە.

وەزارەتی بەرگری روسیا، رایگەیاند: بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەگەری هەیە بەهۆی گرفتی تەکنیکیەوە فڕۆکەکە کەتبێتە خوارەوە، لەگەڵئەوەشدا لیژنەیەکی وەزارەتی بەرگری لێکۆڵینەوە لە روداوەکان و سەرجەم ئەگەرەکان دەکات.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە