هەزاران شەڕڤان لە رەققە و دێرزورەوە دەچنە عەفرین

هێزەکانی سوریای دیموکرات

(سبەی):

هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەزاران شەڕڤان لە بەرەکانی شەڕی داعشەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ عەفرین و روبەڕوبونەوەی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو شارە.

ئەبو عەممار ئیدلەبی، وتەبێژی سوپای شۆڕشگێڕانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند: (1700) شەڕڤانیان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی داعش لە رەققە و دێرزور و حەسەکە، کشاندوەتەوە و چونەتە عەفرین بۆ روبەڕوبونەوەی هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ئەو بەشەی رۆژئاوای کوردستان.

وتیشی :”شەڕی داعش لە دێرزور بێت یان لە عەفرین جیاوازیی نییە، بۆیە لەئێستا شەڕی عەفرین گرنگترە”.

ئیدلەبی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەرەققە رایگەیاند: زیاتر لە سێ هەزار شەڕڤانیان لە رۆژهەڵاتی فوراتەوە کشاندوەتەوە بۆ ئەوەی بچنە عەفرین و بەشداریی بەرخۆدانی سەردەم بکەن و پارێزگاریی لە گەل و هاوڵاتیانی ئەو شارە بکەن، هاوشانی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ رۆبیرت مەنینگ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد؛ بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، نزیکەی دو هەفتەیە ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە بەشێکی سەرەکین لە هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە دژی داعش راگیراوە.

ئاماژەی بەوەکردوە، شەڕڤانانی یەپەگە بە مەبەستی بەرگریی لە کانتۆنی عەفرین لە رۆژهەڵاتی فوراتەوە بەرەو ئەو کانتۆنە رۆیشتون و بەمەش ئۆپەراسیۆنی وشکانی هاوپەیمانی دژی داعش راگیراوە، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکان بەردەوام دەبن لە بۆردومانی پێگە و مۆڵگەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە