(سبەی):
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ریکس تیلەرسۆنی لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دورخستەوە و مارک پۆمپیۆ بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمەریکا (CIA) لە شوێنەکەی دانا.
لەوبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ، لە تویتێکیدا لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردەوە؛ مارک پۆمپیۆ بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا، وەک وەزیری نوێی دەرەوە دەست بەکارەکانی دەکات، سوپاسی تیلەرسۆنی کرد بۆ ئەو خزمەتەکەی کە کردویەتی.
هەر لەو گۆڕانکارییەدا جینا هاسپێڵ، وەک یەکەم ژن پۆستی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا وەردەگرێت.
ترەمپ، هۆکاری دورخستنەوەی تیلەرسۆنی گەڕاندوەتەوە بۆ ناکۆکی و جیاوازییەکانیان لەسەر رێککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و رایگەیاند: بەبێ هیچ گفتوگۆ و مشتومڕێک لەگەڵیدا، بڕیاری دورخستنەوەی وەزیری دەرەوەی دەکردوە.
دۆناڵد ترەمپ وتیشی :”پێموایە رێککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران زۆر خراپە، لەو بۆچونەشدا تیلەرسۆن هاوڕام نەبوە”.
پێش دورخستنەوەی لە پۆستەکەی، رێکس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەسەردانێکی چەند رۆژە لە ئەفەریقا بو و رۆژێک پێش کۆتایی هاتنی گەشتەکەی گەڕایەوە واشنتۆن.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە؛ بڕیاربو سەردانەکەی تیلەرسۆن تا ئەمڕۆ چوارشەممە بخایەنێت، بەڵام رۆژێک پێش سەردانەکەی بەرنامەی کۆبونەوەکانی گۆڕیوە و بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە گەڕاوەتەوە واشنتۆن.
لەسەرەتای دەستبەکاربونی لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە تائێستا چەندین گەورە بەرپرسی حکومەتی ئەمەریکا و کۆشکی سپی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، یان دورخراونەتەوە.
Mike Pompeo, Director of the CIA, will become our new Secretary of State. He will do a fantastic job! Thank you to Rex Tillerson for his service! Gina Haspel will become the new Director of the CIA, and the first woman so chosen. Congratulations to all!
— Donald J. Trump (@realDonaldTrump) March 13, 2018