پۆمپیۆ.. لە هەواڵگرییەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە

(سبەی):

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، ریکس تیلەرسۆنی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دورخستەوە و لەبری ئەو مایک پۆمپیۆ، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) دانا.

مایک پۆمپیۆ، کاندیدی بەهێزی ترەمپ بو بۆ جێگرتنەوەی تیلەرسۆن، ناوبراو پێش ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری (سی ئای ئەی) ئەندامێکی توندڕەوی کۆمارییەکان بو لە کۆنگرێس.

پۆمپیۆ بە لایەنگری ترەمپ دادەنرێت، بەجۆرێک لەبایەخی ئەو زانیارییانەی کەمکردەوە کە باسیان لە دەستوەردانی روسیا دەکرد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

هەڵۆی رەوتی دژ بە روسیا

پۆمپیۆ بە یەکێک لە هەڵۆکانی رەوتی دژ بە روسیا دادەنرێت، پێشتریش لە چەند بۆنەیەکدا ئاماژەی بەوەکردبو کە پۆتن سەرکردەیەکی مەترسیدارە، پۆمپیۆ سێ جار لەسەر ویلایەتی کانساس بوەتە ئەندامی کۆنگرێس، ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەختی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بو لەگەڵ ئێران، کە لەئیدارەی ئۆبامادا ئیمزا کرا، هەروەها دژی داخستنی گرتوخانەی گوانتانامۆ بو، لەسەردانێکیدا لە ساڵی (2013) بۆ ئەو گرتوخانەیە وتی “ژمارەیەک بەندکراو کە مانیان لە خواردن گرتبو، کێشیان زیادی کردوە!”

وەزیرە نوێیەکەی ئیدارەی ترەمپ سەرسەختانە بەرگری لە ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا کرد بەتایبەت دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و وتی “ئەوانەی لە گرتوخانەکان کاردەکەن، لە ژنان و پیاوان پێکهاتون و جەللاد نین، بەڵکو کەسانی نیشتیمانین و لەچوارچێوەی یاسا و دەستور کاردەکەن”.

پۆمپیۆ دەرچوی کۆلێژی ماف-ە لە زانکۆی هارڤارد، هەروەها پلەی یەکەمی وەرگرتبو لە ئەکادیمیای سەربازی، ساڵی  (2010) بو بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەپشتیوانی جەمسەرەکانی نێو پارتی کۆماری، لەنێویاندا هەردو برا (چارلز و دەیڤد کوخ)، پێش ئەوەی بچێتە کۆنگرێس، کۆمپانیایەکی دروست کرد بۆ پارچەی فڕۆکە و یەکێکی دیکەش بۆ سوتەمەنی.

ئیسلامفۆبیا

پۆمپیۆ بە ئیسلامفۆبیا (دژ مسوڵمان) تۆمەتبار دەکرێت، بەتایبەتیش دوای لێدوانەکانی هێرشی ماراسۆنی بۆستن-ی ئەمەریکا لە ساڵی (2013) کاتێک وتی”هەندێک لە پیاوانی ئاینی هاندەرن بۆ هێرشە تیرۆریستییەکان”.

جگە لەوە ناوبراو ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوە بو لە کۆنگرێس سەبارەت بەهێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەنغازی لیبیا لە ساڵی (2012) و تێیدا هیلاری کلینتۆن-ی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست هەوڵیداوە شێوازی هێرشی سەر باڵیۆزخانەکە بەلاڕێدا ببات.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە