دو نامە: کوڕ و باوک و دو هەرەس‌

بورهان یاسین

هەڵبەتە دەنگوباس باش نیە، هی تۆش باش نییە، هی کەس باش نییە! ئەوەی کە نەدەبو رویبدایە رویدا، بەڵام ساڵانێکە ئەم حاڵەتە پێشبینیکراو بو، واتە دوبارەبونەوەی نسکۆی (1975) لە زەمەنێکی تردا و لە فۆڕمێکی تردا: لە (1975) باوک ئەندازیاری هەرەس بو، بەڵام لە (2017)دا کوڕ ئەندازیاری هەرەس بو، بە یەک دانە هاوبەشی گەلێک گرنگ ئەویش ئیدارەدانی سیاسەتی نیشتمانی و نێونەتەوەیی زۆر ئاڵۆز بە زهنیەتی سەرۆک خێڵ.

 

پارادۆکسێکی گەورەیە ئەوەی کە جگە لەوەی لەیەکچونێکی زۆر لە نێوان ئەم نسکۆیە و نسکۆی (1975)دا هەیە، بەڵام جێگای تێڕامانێکی زۆرە کە بە تایبەتی دو نامە و دو هەرەس لەسەر دەستی باوک و کوڕ ئەم دو روداوە دەکا بە یەک. لەسەر ئەم رەهەندەی نسکۆ هیوادارم بتوانم وتارێکی تایبەتی بنوسم، بە ناوی باوک و کوڕ: دو نامە و دو نسکۆ.

 

هەڵبەتە ئەو نامەیەی بۆ کوڕ نوسراوە لە ٢٣/٩/٢٠١٧ بۆ هەمومان ئاشکرەیە، بەڵام کەمتر ئاشکرایە کە لە نامەیەکی زۆر تایبەتیدا لە ساڵی (1973) (واتە دو ساڵ بەر لە هەرەسی ١٩٧٥) سەدام حوسەین لە نامەیەکی زۆر گرنگ و تایبەتیدا مەلا مستەفا لە رێکەوتنی ئێران و عێراق (واتە دو ساڵ دواتر رێکەوتنی جەزائیری ١٩٧٥) زۆر بە راشکاوی ئاگادار دەکاتەوە، کاتێک لە نامەکەدا بە راشکاوی بۆی دەنوسێ کە “ئێوەی کورد کارێکی ئەوها مەکەن کە لەسەر بەشێک لە سەروەری عێراق سازش بکەین بۆ پشتشکاندنی ئێوە”! چۆن باوک نامەی سەددامی بە جددی نەخوێندەوە و بە جوانی تێینەگەیشت، هەروەها کوڕ نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای نەخوێندەوە و بە جوانی تێینەگەیشت. . . بەڵام پرسیاری گەورە، لە راستیدا هەرە گەورە، ئەمەیە: ئایا ئێستا، هەر لەم چرکەساتەدا، دوای ئەم هەرەسە چی؟ بە ئەزمونی خۆمان لە شێوازی کاری سیاسی هێزە کوردییەکان، بەڵام بە گشتیش مێنتاڵیتی (زهنیەتی) سەرکردە تاکڕە و ستەمکارەکان بەردەوام کێشەی ئەوەیان هەیە کە نەک هەر سیاسەتەکانیان زۆر جار بە کاریسە و شکستی ئەرزهەژێن تەواو دەبێ، بەڵکو لەولاتریش شکستەکە گەورەتر و کاریسەویتر دەبێت کاتێک ئەم سەرکردەیە (یا سەرکردانە) شکستەکە قەبوڵ ناکات، بەڵکو لەمەش ئەولاتر هەوڵ دەدات شکستەکە بکات بە سەرکەوتن بۆ خۆی، بۆ مانەوەی خۆی.

 

ئەمە رێک ئەو چرکەساتەیە: تا ئێستا لەیەکچونێکی زۆر هەبوە لە نێوان شێوازی مامەڵەی سەدام حوسەین لەگەڵ قەیرانی کوەیت، کە بۆ عێراق بە کاریسە تەواو بو، لەگەڵ ئەو شێوازەی مامەڵەی مەسعود بارزانی لەگەڵ مەسەلەی ریفراندۆمدا. . . ئەوەی کە ماوە لەم لەیەکچونەدا ئەوەیە کە مەسعود بارزانی نوێنەرەکانی بنێرت و لە ژێر “خێمەی سەفوان” لەگەڵ نوێنەرانی عەبادیدا کۆببێتەوە و کاغەزێکی سپی بە ئیمزای بارزانی بخرێتە بەردەست عەبادی: هەموشی لە پێناو مانەوەی بارزانی و حوکمی دو بنەماڵە. ئاخر نوێنەرانی سەددام لە ژێر خێمەکەی سەفوان بە هەمو شتێک رازیبون تەنها و تەنها بەرامبەر ئەوەی کە سەددام لە بەغدا لە حوکم بمێنێتەوە. . . لەسەر بنەمای ئەم یەکچونە هێزەکانی تر بە تایبەتی نەوەی نوێ و کۆمەڵ و گۆڕان دەبێت زۆر بە پەلە و بە وردی و بە هەوڵێکی دیپلۆماسی و سیاسی چڕکراوە رێگە لە مەسعود بارزانی بگرن کە نوێنەرەکانی بنێرێت بۆ کۆبونەوە لە ژێر “خەیمەی سەفوانی دوەم” بۆ ئەوەی لە پێناو مانەوەی خۆی ئەوەشی ماوەتەوە تەسلیم بە بەغدای بکات. بۆ ئەم رێگرییە، نەک هەر نەوەی نوێ و کۆمەڵ و گۆڕان دەبێ بە ئەرکی بە پەلەی خۆیان هەڵبستن، بەڵکو هەمو رۆشنبیران و دڵسۆزانی کوردستان پێویستە خۆیان بەرپرس ببینن بەرامبەر بە ئەرکێکی ئەوها گەورە و گرنگ.

 

هەڵبەتە هەر بۆ بیرهێنانەوەش، بەر لە (٢٥/٩)، واتە بەر لەرۆژی دەنگدان، لە پۆستێکی فەیسبوکدا لێکچواندنی قەیرانی کوەیتم لەگەڵ هەوڵەکانی بارزانی بۆ سازدانی ریفراندۆم (بە هەر نرخێک بێت) کردوە، بەڵام ئەوەی کە هیوادارم ئەوەیە کە دەبێ رێگە بە بارزانی بگیرێ کە دیسان تاکلایەنە لەگەڵ عەبادیدا بچێتە ژێر (خێمەی سەفوانی٢) و بەم شێوەیەش شتێکی زیاتر لەوەی تا ئێستا رویداوە لەدەست دەدەین و دەرفەتی کۆتاییهاتنی ئەم سیستم و فەرماڕەواییە گەندەڵ و مافیا ئاسایە لەدەست دەدەین: ئەمە چرکەساتەکەیە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە