میدیا جیهانییەکان: گۆڕان داوای وازهێنانی بارزانی دەکات

(سبەی):

میدیاکانی جیهان بە بایەخەوە باس لە هەوڵەکانی گۆڕان دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان و داواکارییەکان بۆ وازهێنانی بارزانی و جێگرەکەی لە پۆستەکەی، هەروەها دروستکردنی حکومەتێکی رزگاری نیشتیمانی بۆ رزگارکردنی دۆخی هەرێم لەو قەیرانەی بەهۆی شکستی سیاسی سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە توشی بوە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی بڵاوی کردوەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێمی کوردستان داوای لە بارزانی کردوە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت و حکومەتێکی رزگاری نیشتیمانی پێکبهێندرێت بۆ دەربازبونی دۆخی هەرێم.

هەروەها رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردوە، بزوتنەوەی گۆڕان کە خاوەنی (24) کورسی پەرلەمانی کوردستانە، داوا دەکات بارزانی و جێگرەکەی دەستبەرداری پۆستەکانیان بن.

دەشڵێت: رەخنگەرانی بارزانی بە گومانەوە لەوەش دەڕوانن کە بارزانی هەوڵی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بدات تەنانەت دوای وازهێنانیشی لە پۆستەکەی.

هەروەها کەناڵی (روسیا تودەی) بڵاوی کردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان کە پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان دەکات، بەڵام کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی پێ هەڵەبو، هەربۆیە بەهۆی دەرەنجامی ریفراندۆمەوە داوای پێکهێنانی حکومەتی رزگاری نیشتیمانی دەکات.

هاوکات رۆژنامەی دەیلی ستاری بەریتانی ئاماژەی بەوەکردبو، بەهۆی شکستی سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان داوای وازهێنانی بارزانی و جێگرەکەی دەکات.

ئاژانسی رۆیتەرز لە هەوڵێکدا دەڵێت: بزوتنەوەی گۆڕان داوای پێکهێنانی حکومەتێکی رزگاری نیشتیمانی دەکات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و هەروەها دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی بەغدا، جگە لەوەش داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجومەنە دەکات کە سەرپەرشتی ریفراندۆمەکەی (25)ی ئەیلولیان کردبو.

جگە لەوەش رۆژنامەی یەنی شەفەق و ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاوی کردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەدەستدانی بەشێکی زۆری لەو ناوچانەی بەدەست کوردەکانەوە بون، دەخاتە ئەستۆی سەرکردایەتی کورد و جگە لەوەش بەهۆی ریفراندۆمەوە، هەرێمی کوردستان بە دەیان دۆستی لە ناوچەکە و جیهان لەدەستداوە.

سایتی (DW)ی ئەڵمانی و سپوتنیکی روسی ئاماژەیان بە داواکارییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن بۆ دەست لەکار کێشانەوەی بارزانی و ناشەرعی بونی سەرۆکایەتی هەرێم.

سایتی (DW) بڵاوی کردوەتەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا داوای دەست لە کارکێشانەوەی مەسعود بارزانی، “سەرۆکی هەرێم”ی کردوە و سیاسەتەکانی ناوبراو بە هۆکاری شکست و شکاندنی شکۆی پێشمەرگە دەزانێت و بۆ تێپەڕاندنی دۆخی هەرێم داوای دروستکردنی حکومەتی نیشتیمانی دەکات.

ئاماژە بەوە کراوە کە بزوتنەوەی گۆڕان دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی (25)ی ئەیلول دەربڕیوە و بە گونجاوی نەزانیوە کە لەو کاتەدا ریفراندۆم بکرێت چونکە بزوتنەوەکە پشتیوانی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە بەڵام بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە ئەو ریفراندۆمەی بە گونجاو نەزانیوە.

لە هەواڵەی (DW) هاوتوە کە بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای وایە کە سیاسەت و مامەڵەکانی بارزانی بۆ بزوتنەوەی کورد لە کوردستانی عێراق کارەساتبارە.

هاوکات سایتی سپوتنیکی روسیا بڵاوی کردوەتەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان داوای دەست لەکار کێشانەوەی مەسعود بارزانی کردوە و جێگرەکەی کردوە و دەیەوێت بە میکانیزمێکی نوێ هەرێمی کوردستان لەو قەیرانانە دەرباز بکەن کە ئێستا روبەڕوی بوەتەوە.

سپوتنیک ئاماژەی بەوە کردوە، بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەکەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی “سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان”ی کردوە و جەختی لە دامەزاندنی سیستمی پەرلەمانی کردوەتەوە و پێشنیاری دروستکردنی حکومەتی رزگاریی نیشتیمانی کردوە بۆ ئەوەی هەرێم لەو دۆخەی دوای ریفراندۆم تێیکەوتەوە رزگار بکەن.

جگە لەوەش هەریەکە لە رۆژنامەی حەیاتی چاپی لەندەن و کەناڵی عەرەبییە و سکای نیوز و چەندین میدیای دیکەی جیهانی بە بایەخەوە باسیان لە هەنگاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کردوە بۆ دروستکردنی حکومەتێكی رزگاری نیشتیمانی و چارەسەرکردنی دۆخی قەیراناوی هەرێمی کوردستان.

دوێنێ یەکشەممە بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی كوردستان هیچ شه‌رعییه‌تێكیان نییه‌ و ده‌یانه‌وێ خۆیان بكه‌ن به‌ جێگره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كانی هه‌رێم، هەروەها داوای له‌ حكومه‌تی فیدراڵ کرد په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان رابگرێ و لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ دروستبكات بۆ قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوانی ناوچه‌كانی دوز و كه‌ركوك و خانه‌قین و جه‌له‌ولا و شه‌نگال و شێخان و زوممار و مه‌خمور ناوچه‌كانی تر، جگە لەوەش ئیدانه‌ی هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كی کرد بۆ سه‌ر موڵك و ماڵ و ژیانی هاوڵاتیان و جەختیکردەوە لەوەی کە پێویسته‌ ده‌ستدرێژیكاران راده‌ستی دادگا بكرێن

هەروەها هۆشداری ئەوەشی دا کە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەو داواکاریانە بەهەند وەرگرن و جێبەجێی نەکەن، بژاردەی تر لەبەردەم کۆمەڵانی خەڵکی کودستاندایە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە