فەرمون ببین و ببیستن

ئارام شێخ محەمەد

ئەوەی لەم ڤیدۆیەدا دەرئەکەوێ ئەو راستیەیە کە هەرکاتێ ئەمانە بیانەوێ هەرشتێ بکەن بۆ خۆیان حەڵاڵەو بۆ خەڵکی تر حەرامە، هەرکاتێ ئەمانە بیانەوێ لەگەڵ هەرکەسێ دانیشن کە ئەمانە بۆ خەڵک بە دوژمنی بزانن، تەوقەبکەن، پێ بکەنن و دەست لە ناودەست بنێن ئاساییە، بەڵام بۆ خەڵکی تر خاک فرۆشی و جاشایەتی و دوژمن پەرستیە، بۆ ئەمان ئاساییە لەگەڵ حەشدی شەعبی کۆبونەوە بکەن و دابنیشن ، بەڵام گەر ئێمە لەبەر خاتری خەڵکی دوزخورماتو یان هەر جیگەیەکی تر قسەیەک لەگەڵ هادی عامری یان ئەبو مەهدی موهەندیس بکەین، جاشین و خۆفرۆشین و لەگەڵ تیرۆریست مامەڵەمان کردوە.

 

گەر ئێمە لەگەڵ تورکیا لەبەرخاتری ئازادکردنی ئەو خەڵکە داماوە سەرهەڵگرتوەی رێی مەرگی هەندەران قسەیەک بکەین، ئێمە جاشی تورکین، بەڵام وەختێ کە سەرکردەکانی باکور یەک یەک لە زیندان توند ئەکران هەلهەلەی گۆڕینی دەستور ئاسایی بو ، ئاساییە بۆ خۆم چەمکی جامانەم بۆ چاک بکرێ بەڵام بۆ خەڵکی تر بێ ئەندازە خاک فرۆشیە.

 

گەر ئێمە بڕۆینە پرسەی باوکی دکتۆر سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە دو رۆژ باوکە کۆچ کردوەکەی لە پرسەکەی کاک نەوشیروان ئامادە بو ، ئەوە بۆ ئێمە جاشایەتیە کە چۆن چوین بۆ پرسەی باوکی پیاوی وا ، بەڵام بۆئاساییە فوئادحسێن لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک داوای لێ بکات کە سەردانی بکات بۆ ناوەندگیری بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ خۆی ئاساییە پێش ریفراندۆم بڵێ گەر سنورەکان داخرا و خەڵک فشاری بۆ دروست بو ، کەس دەستی نەگرتون بڕۆن بیکەنەوە ، بەڵام هەر کەسێک ئێستە هەوڵی کردنەوەی بدا جاشە و خۆفرۆشە.

 

هاوئاوازەکانی کە بەقەد خۆی بەرپرسیارن کاتێ تورکیا سنور دابخاو تەهیدید بکات ئەلفێکی لەسەر ناڵێن و ئاساییە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بن بەڵام هەرچی بۆ خاتری خەڵک قسەیەک بکات عەجەم و سەفەویە. هەرکەس مەرحەبای مالکی بکات ، جاشە ، بەس بۆ خۆم ئاساییە دەست لە نێو دەستی بنێم نەک هی خۆی  بەڵکو لەگەل ئەندامی کوتلەکەی لە دەرەوە سیمیناری هاوبەش بکەم ، خۆ ئەم میلەتە بە فیکری ئەمان هیچ نازانێ و ئاگای لە دنیا نیە.

 

بۆ ئەمانە ئاساییە لە ناوەراستی بانگەشەی ریفراندۆم خەریکی دەرهێنانی ئیجازەی حیزب بن لە بەغداد ، خۆ کەس عەرەبی نازانێ تا بەم هەمو فاکوفیکەی ئەمانە بزانی ، بەردەوام بن کێ بە کێیە خۆیان نەبن.

 

جەماعەتەکەم گەر زانیتان موحاسەبەتان ئەکەن لە بەغداد لەسەر ریفراندۆم ، پەشیمان ببنەوە ، تا لە پۆستەکانتان بمێننەوە و نەیەنەوە بۆ کوردستان ، بەڵام هەرچی لە پۆستەکانیان بەردەوام لە بەغداد ناشرینیان بکەن و جنێویان پێ بەن.

 

لەملا هانی خەڵک بدەن تەسلیمە دوژمن نابین ، لەملا کۆمەڵێ لەوانەی کە بێجگە دەم و زمان و قەڵەمەکانیان کە هیچ کاسبیەکی تر لە سەر ئەرزی خوا نازانن ، بخەنە گەڕ تا بە خەڵکی بفرۆشنەوە ، ئەمەی ئەگوزەرێ تاکتیکە ، وەک ئەوەی ژیانی ڕۆڵەی ئەم خەڵکە بۆ قوربانی تاکتیکی ئەمانە لە دایک بوبێ ئەوەی کە تائێستە وای کردوە بۆ ئەمان بچێتە سەر بە هۆی:

یەکەم: ئەوانەی کە بەرژەوەندیان گرێ دراوە بەمانەوە و خۆیان و دەوروبەرەکانیان سودمەندی یەکەم بوە و بەردەوامن لەسەر داتاشین و گەورەکردنی دوژمنی دەرەکی بۆ داپۆشینی دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر خەڵک و مافەکانی.

 

دوەم: ئەوانەی کەسابەت و رزقی ژیانیان لەسەر بەهانەو تەبریر داتاشینە تا بتوانن شتێکیان دەست بکەوێ

سێهەم: ئەوانەی بێ ئاگایی باوەڕ بە درۆ و دو ڕویی ئەمانە ئەکەن هەر لەسەرەتای ریفراندۆمەوە تا کۆتاییەکەی ئەوەی پێویستە لەسەر ئێمە و مانان؛

یەکەم: بەردەوام بین لەسەر ئەوەی کە بە ڕاستی ئەزانین لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی خۆمان

دوهەم : خەڵک زیاتر و زیاتر هۆشیار بکەینەوە تا چی تر و لەمە زیاتر پرۆسەی گەوجاندنی ئەمانە بەردەوام نەبێ بەناوی گەل و نەتەوە و نیشتمان و کورد و کوردستان

سێهەم : دواین داوام لە گۆڕان خوازانی ڕاستەقینە ئەوەیە بێنە سەرخەت بۆ تێکشاندنی ئەم پرۆسەی گەوجاندنە لەسەر بنەمای تێڕوانینەکانی کاک نەوشیروان بۆ ئەم پرسانە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە