چۆن بارزانی بەهەڵەدا برا؟

(سبەی):

کونسوڵی پێشوی فەرەنسا و راوێژکاری مەسعود بارزانی دان بەوەدا دەنێت کە بارزانیان بەهەڵەدا بردوە لە پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەڵێت: گەورەترین هەڵەی بارزانی ئەوەبو، بەبێ رێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا ریفراندۆمی کرد.

فریدریک تیسۆ، یەکەم کونسوڵی فەرەنسا لە هەرێم کە دوای تەواوبونی ئەرکەکەی و لەماوەی رابردودا و لە چەند وێنەیەکدا لە کۆبونەوەکانی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەگەڵ هەندێک راوێژکاری دیکەی بیانی لەگەڵ بارزانیدا دەرکەوتوە، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (خەبەر تورک) ئاماژە بەوە دەکات، ئەو رەخنانەی کە روبەرویان دەبێتەوە سەبارەت بەوەی راوێژکارەکان بارزانیان بەهەڵەدا برد، راستە و ئەوان بارزانیانیان بەهەڵەدا برد.

وتیشی: گەورەترین هەڵەی بارزانیش ئەوەبو کە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ ئەمەریکادا نەبو.

سەبارەت بە پرسی کەرکوکیش، فریدریک تیسۆ دەڵێت: کوردەکان شارێکی ستراتیژییان لەدەستدا دوای کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی یەکێتی لەو شارە و لەئێستاشدا گەڕانەوەی ئەو شارە ئەستەمە.

جەختیش دەکاتەوە لەوەی باشترین هەنگاو لە ئێستادا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەو لێدوانی تیسۆ لەکاتێکدایە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، هیچ زەمینەسازییەکی ئەوتۆ لەناوخۆی هەرێمدا نەکرابو، ئەوەش وایکرد بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتاوە و بە فەرمی داوا بکات ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ کاتێکی گونجاو دوابخرێت و تا ئەوکاتەی زەمینەسازی و یەکڕێزی ناوخۆیی دروست بکرێت و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ دۆزی کورد بەدەستبهێندرێت لەگەڵ بونیادنانی پایەکانی دەوڵەت بۆ ئەوەی ریفراندۆم بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بێت، نەک بۆ موزایەد و دەستکەوتی شەخسی و حیزبی.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە