(سبەی):
دوای دوخولی كۆبونه‌وه‌ی نێوان به‌رپرسانی سه‌ربازی عێراق و پارتی كه به‌سه‌رپه‌رشتی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا به‌ڕێوه‌چو، هه‌ردولا رێككه‌وتون له‌سه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ هێڵی سه‌وز.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی نه‌ینه‌وا كه فه‌رمانده‌كه‌ی به‌شداربوه له هه‌ردو خولی كۆبونه‌وه‌ی نێوان وه‌فدی عێراق و پارتی زانیاریی وردی له‌باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردولا ئاشكراكردوه.
بەپێی زانیارییه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ناوچەکانی (مه‌حمودیه، شێخان، سحێلا، ئه‌لقوش فایده، مه‌قلوبه، گوێر و خازر) به هاوبه‌شی له‌لایه‌ن سوپا و پێشمه‌رگه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن.
به‌پێی هه‌مان رێككه‌وتن ده‌شتی نه‌ینه‌وا و قه‌زای مه‌خمور و شه‌نگال و ناحیه‌كانی زوممار و ره‌بیعه و ته‌واوی ناوچه دابڕینراوه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت وه‌فده‌كه‌ی پارتیش ره‌زامه‌ندیان بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه به حكومه‌تی عێراق نیشانداوه.
ده‌روازه‌ی سنوری فیشخاپور، به‌شێكی دیکەی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان وه‌فده سه‌ربازیه‌كی عێراق و وه‌فده‌كه‌ی پارتی بوه، له‌و باره‌یه‌وه سه‌رچاوه‌كه‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازیه‌كانی نه‌ینه‌وا ئاشكرای كردوه، ئه‌و ده‌روازه سنوریه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه به‌رێوه‌ده‌برێت، به‌ڵام هێزه‌كانی پارتی هه‌وڵده‌ده‌ن ره‌زامه‌ندی لایه‌نی عێراقی به‌ده‌ستبهێنن بۆئه‌وه‌ی به‌شێك له هێزه‌كانیان له ژێرچاودێری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا لەو ده‌روازه سنوریه جێگیر بكرێن.
ئه‌و رێككه‌وتنه دوای ئه‌وه دێت كه هه‌فته‌ی رابردو ناوچه‌كانی باكوری رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا بو به مه‌یدانی شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراق به‌شه‌ڕ نه‌یانتوانی به‌ده‌ستی بهێنن، به رێككه‌وتن له گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ی پارتیدا به‌ده‌ستیان هێنا.