ئەمڕۆ رۆژی جیهانی کۆبانێ-یە

پەیکەری کچە شەڕڤان لە گۆڕەپانی ئازادی کۆبانێ پەیکەرساز: زیرەک میرە

(سبەی):

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی کۆبانێ-یە، رۆژی پشتیگیریی جیهانە بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ و گەلی کورد لە رۆژئاوی کوردستان.

رۆژی یەکی نۆڤەمبەری ساڵی (2014)، دوای دو مانگ لە شەڕو روبەڕوبونەوەی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر شاری کۆبانێ-ی رۆژئاوای کوردستان و پێش سەرکەوتنی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەسەر داعش و تێکشکاندنیان لەو شارە، ئەو رۆژە بە رۆژی جیهانی پشتگیریی و پشتیوانی لە بەرخۆدانی کۆبانی ناسێنرا و لەماوەی سێ ساڵی رابردودا ئەو رۆژە وەک پشتیوانی بۆ بەرخۆدان و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە لەسەرتاسەری جیهان یاد دەکرێتەوە.

هێرشی داعش

ساڵی (2014) و دوای داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، چەکدارانی ئەو گروپە لە رژۆئاوای کوردستان دەستیان بە هێرش و گەمارۆدانی شاری کۆبانێ-ی سەرسنوری تورکیا کرد،  ئەو گروپە بە چڕی و لەچەندین قۆڵەوە و بە چەکی قورس هێرشیان کردە شارەکە و هەمو جۆرە چەکێکی پێشکەوتویان بەکارهێنا، کە لە سەربازگەکانی عێراق و سوریا دەستیان کەوتوبو.

لەسەرەتای هێرشەکانیاندا چەکدارانی داعش، هەوڵی داگیرکردنی چوار شوێنی ستراتیژی شارەکەیاندا ئەوانیش گردی مشتەنور، ناوەندی چاندو هونەر، چوارگۆشەی ئەمنی و رێڕەو و دەروازەی مورشید پنار، چەکدارەکان توانیان سێ لەو شوێنانە داگیر بکەن، بەڵام چوارەم شوێن کە رێڕەوی مورشیدپنار بو، نەتوانرا داگیربکرێت و بوە قەڵای بەرخۆدێران.

 

بەرخۆدانی کۆبانێ

داستانی کۆبانێ لە (15)ی ئەیلولی ساڵی (2014)ەوە دەستی پێکرد، کە ژمارەیەکی کەم لە شەڕڤانان بەرگرییان لە کۆبانێ دەکرد و توانییا بۆ ماوەی (20) رۆژ رێگا لە بەرەوپێشچونی داعش بگرن و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بە گیانی خۆیان رێگایان لە بەرەوپێشچونی داعش گرت و (ئارین میرکان) بو بە سیمبولی ئەو بەرخۆدانە قارەمانانەیە.

لەسەرەتادا ئامانجی شەڕڤانان رێگرتن بو لە بەرەوپێشچونی داعش، قۆناغی دوەم کۆکردنەوەی هێز و رێکخستنەوە و راهێنانی شەڕڤانان بو لە شەڕی کۆڵان بەکۆڵاندا، قۆناغی سێیەم کە لە (18)ی کانونی یەکەمی (2014) دەستی پێکرد، هەڵمەتی رزگارکردنی کۆبانێ بو.

پشتگیریی لە کۆبانێ لەچوار پارچەی کوردستان و لەسەرانسەری جیهاندا راگەیەندرا و لەسەرانسەری جیهاندا دروشمی “بژی بەرخودانی کۆبانێ” دەوترایەوە.

 

پیشمەرگە لە کۆبانێ

رۆژی (22/10/2014) پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ژمارە (28)ی پەسەندکرد کە تایبەت بو بەناردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پشتیوانی لە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە روبەڕوبونەوەی داعش.

رۆژی (28/10/2014)، دوای پەسەندکردنی بڕیارەکەی پەرلەمان یەکەم کاروانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەچەکی قورسەوە کە پێویستییەکی سەرەکی شەڕڤانان بو، لە باکوری کوردستانەوە چونە کۆبانێ.

چونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ بەپێی رێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا و لایەنە کوردییەکان بو کە پێشمەرگە وەک هێزی پشتیوانی بە چەکی قورسەوە بۆ پشتیوانی شەڕڤانان بچنە کۆبانێ و رێگە لەکەوتنی شارەکە بگرن.

پێشمەرگە بە پێنج یەکە و بەچەکی قورسەوە و وەک هێزی پشتیوانی بەشداریی لە پرۆسەی رێگەگرتن لە کەوتنی کۆبانێ کرد هەر یەکەیەکیان لە (150) پێشمەرگە پێکهاتبون، هێزی پیشمەرگەی کوردستان وێڕای یەک شەهید بەناوی زێرەڤان ئەکرەم ژمارەیەک پێشمەرگەی دیکەی لەبەرخۆدانی کۆبانێ بریندار بون.

دوای چونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان توانیان تەواوی خاکی کۆبانێ لە دەست چەکدارانی داعش پاک بکەنەوە و رێگریی لە کەوتنی شارەکە بکەن، کە دواتر بوە رەمزی بەرخۆدانی گەلی کوردستان.

 

پشتگیریی هاوپەیمانان

هەرچەندە لەسەرەتاوە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر هێرشەکانی داعش نەبو بۆ سەر کۆبانێ، بەڵام دوای چونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانی، راستەوخۆ سەرەتا فڕۆکەکانی ئەمەریکا و دواتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پشتیوانیی ئاسمانیان لە شەڕڤانان و پێشمەرگە کرد و توانرا بە پشتیوانی ئەوان، کۆبانێ لە کەوتن رزگار بکرێت و پاشان درێژە بە پێشڕەویی شەڕڤانان درا بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی زۆرینەی خاکی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا لە چەکدارانی داعش، بە پایتەختەکەشیانەوە.

 

سەرکەوتنی بەرخۆدان

دوای (134) رۆژ لە بەرخۆدان و تۆمارکردنی داستانی قارەمانانە، توانرا لە رۆژی(26)ی کانونی دوەمی ساڵی (2015)دا کۆبانێ بەتەواوەتی لە دەستی چەکدارانی داعش رزگار بکرێت و دوای دڵنیابونەوەی تەواوەتی لە پاراستنی شارەکە و سەرکەوتن و پێشڕەویی شەڕڤانان، هێزی پێشمەرگە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.

 

سێ ساڵ دوای سەرکەوتنی کۆبانێ

دوای سەرکەوتنی کۆبانێ و بەرخۆدان و بەرگریی شەڕڤانان و کچان و کوڕانی رۆژئاوای کوردستان، سەرنجی جیهان چوە سەر ئازایەتی و بەرگرییان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە (70) وڵات پێکهاتون، لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە دەستی کرد بە پشتیوانیی شەڕڤانان و وەک تاکە هاوپەیمانی خۆی لەسەر زەوی، بۆ شەڕی روبەڕوبونەوەی داعش ناساندنی و تائێستا پشتیوانی هاوپەیمانان بەردەوامە و لەئێستادا شەڕڤانان کە خۆیان لە چوارچێوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا رێکخستوەتەوە زیاتر لە (30%)ی خاکی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریایان ئازادکردوە، بە رەققەی پایتەختی داعشەوە و سیستمی فیدراڵی باکوری سوریایان راگەیاندوە و سەرقاڵی نوسینەوەی دەستوری هەرێمەکەن و لەسەر ئاستی جیهان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و نوێنەرایەتیان بە پایتەختی ئەمەریکا و روسیا و زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا هەیە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە