ریفراندۆمەکەی بارزانی چی لە دەستداین؟

پێشڕەو بابەشێخ

باشوری کوردستان ئەو بەشەی بە بەراورد بە پارچەکانی تری کوردستان، لە دوای ساڵی (1991)ەوە وەک بەشێکی ئازادو خاوەن سەربەخۆیی و دور لە ژێردەستەیی و داگیرکاری بێگانە ئومێدی تاک بەتاکی کورد بو لە گشت جیھان . شێوازێک لە حوکمڕانی سەربەخۆو ئازاد بەرامبەر بەدەرەوە، لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی (26) ساڵی رابردو بۆ ژیان و خۆشگوزەرانی و دابینکردنی ئازادی و دیموکراسی بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان سەرکەوتو نەبوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جێگای ئومێد بوە کە لە داھاتو ببێ بە مایەی ھێنانی ئارامی و خۆشگوزەرانی و ببێ بە بنەمایەک بۆ دانانی بناغەی دەوڵەتداری لە بیرو زھنی تاکی کورد لە داھاتو.

 

دان بەخۆدا گرتن و پشتیوانی ھەر تاکێک لە باشور لەھەر ھەڕەشەو مەترسیەک لەگەڵ ھەمو نەھامەتیەک کە بەسەری داھاتوە دەریدەخات کە تاکی کورد بە ئومێد بوە بۆ چاککردنی دۆخەکەو جێھێشتنی دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی و تاکە کەسی و بەفیڕۆدان و بەھەدەردانی سەروەت و سامانی میلەت.

 

ئەم ئومێدی گۆڕین و ھەنگاونان بەرەو پاشەڕۆژی باشتر و ھێنانە کایەی دەسەڵاتێک ببێتە مایەی ھێنانەدی ئاواتەکانی ھاوڵاتیان لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی (2009) بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی دەرخست و رەنگی دایەوە .

 

لەگەڵ زۆری ناڕەزاییەکان و داواکاریەکانی خەڵک بەڵام ئەم حکومەتەو حوکمڕانەکانی نەگۆڕیەوە بە بێگانە و ھیچ کات ئامادە نەبوە دۆخێک دروستبکات ببێتە ھۆی لەدەستدانی ئەم خۆبەڕێوەبەریەی بە خوێنی ھەزاران رۆڵەی کورد بەرھەم ھات. ئەم خۆبەڕێوەبەریەی بە تێپەڕکردنی دەیان کارەسات و کۆمەڵکوژی و قوربانی گەلی کورد بەدیھات. ئەوەی من مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم ڕیفراندۆمەکەی بارزانی و ڕەگەڵ کەوتوەکانی و لێکەوتەوەو ئەنجام و دەرھاویشتەکانێتی لەسەر ھەنگاو نەنان بەرەو سەربەخۆیی و پاشەکشەکردنی باشور و گەڕانەوەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی عێراقی عەرەبی.

 

ریفراندۆمەکەی بارزانی چی لەدەست داین؟

یەکەم / ئەگەر باشور ئومێدێک بوبێت بۆ پارچەکانی تری کوردستان ئەوە بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند بۆ باشوری کوردستان بێ ئومێدی دێنێتە کایەوە. دەسەڵاتی ناوەند مامەڵە بە ھێزە شۆڕشگێڕەکانی پارچەکانی تر بەتایبەت باکور و رۆژهەڵات دەکات لە ھەر گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی.

 

دوەم/ خاڵە سنوریەکان کە لە پێشودا لەژێر دەسەڵات و ھەیمەنەی ھەرێم دا بو بە گەڕانەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوەند ھەم جۆرێک لە سەروەری و ھەم بەشێک لەداھات لەدەستی حکومەتی ھەرێم نامێنێت. ئەمە بە یەکێک لەو گورزانە دادەنرێت کەلە داھاتوی ھەرێم دراوە نەک تەنھا بۆ ئێستا.

 

سێیەم/ فڕۆکەخانەکان و کرانەوە بەڕوی دەرەوەدا یەکێک بو لەو دەسکەوتانەی کاریگەرو گرنگ بو، ئەمیش چ وەک داھات چ وەک ئاماژەیەک بۆ نیشاندانی جۆرێک لەسەربەخۆیی و ئاسانکاری بۆ مامەڵەی راستەوخۆی دونیای دەرەوە لەگەڵ ھەرێم. بەلەدەستدانی فڕۆکەخانەکان و دوبارە گەڕانەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوەند لەدەستدانی ھەمو ئەمانە دێت و زیانی بەداھاتوی ھەرێم گەیاند.

 

چوارەم/ کۆمپانیاو گرێبەستە نەوتیەکان ھۆکارێک بون کە جگە لە سودە ئابوریەکەی (لەکاتێک دا شەفاف بن و بە ئاگاداری پەرلەمان بێت) ھۆکارێکیش بون بۆ پارێزگاری، چونکە ھەر وڵاتێک و ھەر کۆمپانیایەکی زەبەلاح لەدواجاردا لە ھەوڵی پاراستن و بەئارامی ھێشتنەوەی شوێنی کارو سەرمایەو پاراستنی بەرژەوەندیەکانیانن. بەڵام وەک دەبینین ئیتر ئەمە بۆ ھەرێم لە رابردو دەمێنێتەوە و بۆ حکومەتی ناوەند دەبێت بەکارێک لە داھاتوو کاری لەسەر بکات.

 

پێنجەم/ ناوی پێشمەرگە ناوێکی پیرۆزەو لە بیرو زھنی تاکی کورد قارەمان و رزگارکەر و پارێزەری نیشتمانە، ئەگەر چی حکومەت نەیتوانیوە بە نیشتمانی بکات و ژیانی پڕ سەروەریان بۆ دابین بکات، بەڵام ئەوەی دەیبینین و چاوەڕوان دەکرێت گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ژێر دەسەڵات و فەرمانی حکومەتی ناوەند، کە ئەمە جۆرێکە لە سڕینەوەی ناو و خەبات و مێژوی پارێزەرانی نیشتمان جا لە ژێر ناوی پاسەوانی سنور یا سەرباز یا ھەر ناوێکی تر کە شایستە نیە بە فیداکاری و خەباتی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە.

 

شەشەم/ ئەگەر پێشتر بۆ خزمەت و جیاوازی نەکردن لەنێوان پارێزگاکان داوای لامەرکەزی پارێزگاگان لە حکومەتی ھەرێم دەکرا، ئەوا ئەمڕۆ دەبێت داوای لامەرکەزی ھەرێم لە ناوەند بکرێت. ناو ھێنانی پارێزگاکانی ھەرێم لە بری ھەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، خۆی لە خۆیدا رۆیشتنە بەرەو ھەڵوەشانەوە و دان پیانەنانی ناوەند بەو دەسەڵاتە خۆجێییەی ھەرێم و ئاماژەیەکە بۆ نەھێشتنی ئەم دەسەڵاتەی ھەرێم.

 

حەوتەم/ ناوچە دابڕێنراوەکان و زیاتر لە ٥٠% خاکی کوردستان لە ژێر ئاڵاو حوکم و ھێزو فەرمانڕەوایەتی کوردبو، بە کردار گەڕابونەوە بۆ باوەشی کوردستان. کەچی دوبارە خرانەوە ژێر ڕەحمەتی حکومەتی ناوەند و فەرمانڕەوایی عێراقی عەرەبی و گەڕانەوە بۆ ژێر رەحمەتی ماددەی (140)ی دەستور. ئەگەر کورد پێش ئەوە لەوپەڕی بەھێزی دەچوە نێو دانوستان، ئەوا ئێستا لە خاڵی سفر دایە بۆ گەڕانەوە و ناوھێنانی ئەم ناوچانە وەک خاکی کوردستان.

 

ھەشتەم/ نوێنەرایەتی کردن و پەیوەندیەکانی ھەرێم لە ئاستی باڵاو دبلۆماسی بە جیھانی دەرەوەو خۆرئاوادا شێوەو پلەی جیاوازی بە خۆوە بینیبو، بەڵام بۆ لەمەودواو لە داھاتو جۆرێک لە سنوردارکردنی پەیوەندیەکانی ھەرێم بە دەوڵەتانی دراوسێ و ھەرێمی و جیھانیش دێتە کایەوە.

 

لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی حکومەتی ھەرێم لە (26) ساڵی رابردو ئەزمونێکی تاڵ و پڕنەھامەتی و برسی کردن و پێشێلکردنی یاساو بەتاڵانبردنی سەروەتی میلەتیان پێشکەش کرد ، ھەر تاکێکی کورد خوازیاری گەڕانەوەو ژێردەستەیی و خۆبەدەستەوەدان بە حکومەتی ناوەند نەبوە و نیە، لەگەڵ ئەوەشدا خوازیاری گفتوگۆ کردن بوە لەگەڵ بەغداد، بۆ دەستخستنی ماف و پاڵپشتی زیاتر بۆ ئەوەی لە داھاتوو ببێ بە ھەوێنی سەربەخۆیی، نەک بەرگری نەکردن و خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمبون و دەست بەسەرداگرتنی یەکجارەکی لە لایەن ناوەند و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر.

 

ئەوەی رون و ئاشکرایە ھۆکاری ھەمو ئەمانە ئەم ریفراندۆمە بو کە لە بڕیارێکی شەخسی مەسعود بارزانی بو بە بڕیار و بانگەشەی چەند حزبێک، لەدواجاریش دا گوێ نەگرتن و پاشگەزنەبونەوە لە بڕیاری ھەڵە، بوە ھۆی زیانگەیاندن بە کۆی تاک و خاک و نیشتمان و ئەزمون و لەدەستدانی خەونی لە مێژینەی گەلەکەمان و سوتاندنی گەورەترین کارتی فشاری گەلی کورد لە باشور.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە