ئەڵتەرناتیڤێکی ئەم دۆخە(2).. پێگەی کورد‌و نەخشەرێی ئەمەریکا

ئەمەریکا وەك تاکە زلهێزی دونیا نەخشەڕێی خۆی بۆ ناوچەکە داڕشتوە‌و لە جێبەجێکردنی بەردەوامە. پێگەی بەهێز‌و جێنەگرەوەی کوردستان، لەناو ئەم نەخشەڕێیەدا، دیار دیارە! بەهۆی داگير‌و دابەشکردنیەوە، خاکەکەمان، بەشێکە لە عێراق، تورکیا، ئێران‌و سوریا کە دو وڵاتیان واتە تورکيا‌و ئێران جوتێ ئامانجی خرتی ناو ئەم نەخشەڕێیەن‌و، عيراقيش حەوشەی پشتەوەی ئێرانە‌و کەسیش حەسودی بە سوریا نابا!

 

بەشێ لە پاشخانی ئەم نەخشەڕێیە، بۆ جەنگی داگیرکردنی عيراق / روخاندنی سەدام حسین (١٩/٠٣ – ٠١/٠٥/ ٢٠٠٣)، دەگەڕێتەوە کاتێ تورکیا بەشداری جەنگەکەی نەکرد‌و رێگری لە بەکارهێنانی سەربازگای ئینجرليك کرد. تورکیا ویستی رابونی بەهاری عەرەبی لە چەند وڵاتێکدا بۆ خۆی بەکاربهێنێ کە میسر یەکێکیان بو. تورکیا دەیویست، گیان بکاتەوە بە جەستەی پیاوە نەخۆشەکە‌و ئیمپراتۆری عوسمانی زیندو بکاتەوە؛ ویستێ کە بە (180) پلە بەرامبەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا دەوەستا! تورکیا بوغرا بو، ملە قوتەی دەکرد بۆ ئەوەی سەری لە ناو سەراندا بێ‌و یەکێ بێ لەوانەی کێکەکە دابەش دەکا؛ بەلایەوە رۆڵی لاوەکی‌و، دەستگرتنەوە بۆ قاشێ لەو کێکەی زلهێزەکان پێی بدەن، پێی کەم بو!

 

لە نامە خەمخۆرئامێز‌و رون‌و پڕ گفتاویەکەی ریکس تیلەرسن (٢٣/٠٩/٢٠١٧) دا، دەردەکەوێ کە ئەمەریکا زۆر مەبەستی بوە مەسعود بارزانی بەگوێی بکا‌و ریفراندۆمەکە دوابخا. کاریگەری کەلـلە رەقیەکەی مەسعود بارزانی، چەند کەم‌و کاتییش بێ، زیانی خۆی گەیاندوە‌و ئەنجامدانی نەخشەڕێکەی خاوکردۆتەوە؛ بەڵام، لە ئەمەریکا بەولاوە، هیچ هێزێ نیە، رایبگرێ!

 

کۆمێنتە نەرێنیەکانی سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، لەمەڕ رێکەوتنە ئەتۆمیەکەی رۆژئاوا‌و ئێران‌و، کۆمێنتی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، مايك پێنس، بەوەی ئێران کانگای ئیرهاب‌و ئاژاوەیە لە ناوچەکەدا ئاماژەن بۆ ریزبەندی لابەلاکردنەوەی ململانێکان لە داهاتودا!

 

گەلەکۆمەکێی عێراق – ئێران – تورکيا دژ بە هەرێم بۆ رێگرتن‌و یا لەباربردنی قۆناغە پێشکەوتوەکانی نەخشەڕێکەیە. عەبادی (٢٦/١٠/٢٠١٧) لە تاران ئەوەی درکاند کە ئەم ریفراندۆمە پیلانێکی گەورە بو بۆ دابەش کردنەوەی ناوچەکە؛ بەڵام بە هاوکاری دۆستان (ئێران‌و تورکیا)، رێمان لێی گرت!

 

پێشینان فەرمویانە: زستان یەکجار ساردە. سەرانی پارتی‌و یەکێتی، راستەوخۆ لەم نەهامەتیە نەتەوایەتیە بەرپرسن‌و دەبێ لە دادگایەکی فەرمیدا بەپێوە رابوەستێنرێن‌و دادگایی بکرێن؛ بەڵام عەبادی، زۆر بەخراپی، سنوری تێپەڕاندوە، لە ژێر دروشمی یاسایی‌و فەرمیدا‌و، بە گوفتاری نەرم‌و رازاوە، دێ‌و مافی مرۆیی‌و نیشتمانی هاوڵاتیانی هەرێم‌و ناوچە جێ ناکۆکەکان پێشێل دەکا! ئەمەی ئەو دەستی داوەتێ، خەمخۆری نیە؛ ئەمە ژێردەست خستنی ئێمەیە بەبەرنامە کە دەبێ، بێ دواکەوتن رێی لێ بگيرێ!

 

هەندێ لە وەسفی نیمچە وێناکەی ئەمڕۆ نزیکبونەوە؛ وەلێ ئێستا زۆرن ئەوانەی دێن‌و دەڵێن روداوەکان چاوەڕوانکراو بون، لە کاتێکدا کەس / لایەنێ نەهات‌و بە کردەوە رێ لە رودانی بگرێ! ئەوانەی بە تەنیا بە تۆمەتبارکردنی بارزانی دادەکەون؛ بەڵام لە حانای شاڵاوی حەشدە شيعیە عارەب‌و تورکمانەکاندا، کورت بينن، بێ ئەوەی بزانن، عەبادی لەسەر شاڵاوە داگیرکاری‌و پێشێلکاریەکان گەرمتر دەکەن!

 

گەر لە سیاقدا لە شاڵاوەکەی عەبادی بڕوانین، بەوە دەگەين کە سیاسەتەکانی ئەو نیمچە شاڵاوێکی (تعريب – تبعيث – ترحيل) ەکەی جارانە! عەبادی سور دەزانێ کێ‌و کێ بەتەنیا لە رفراندۆم بەرپرسیارن؛ کەچی دێ‌و بەخراپی سود لە رۆچونی بەرهەڵستی دەرونیمان وەردەگرێ‌و، ئەوە تێدەپەڕێنێ، کە دەستور بۆی داناوە‌و سزای بە کۆمەڵمان دەدا‌!

 

لەسەر دەستی (یە‌پە‌گە) (یە‌پە‌ژە)‌دا‌و، لە ئیدارە سیاسی، سەربازی، رێکخراوەیی، ..ە نایابەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا، رۆژئاوای کوردستان بلیمەتانە پێگەی خۆی لە نەخشەڕێیەکەی ئەمەریکادا چەقاند. راستە، بەهۆی ریفراندۆمەوە، باشوری کوردستان زۆر بەخراپی پێگەی خۆی لەدەست دا؛ دوا جار؛ کۆتایی دونیا نیە‌و دەبێ وەك نوچدانێکی کاتی لێی بڕوانین. ئێمەش بێین‌و ، فۆڕم‌و ناوەرۆکی ئیدارەدانی رۆژئاوای کوردستان بخوازین‌و داهێنەرانە لێی بەهرەمەند بین! ئەمەش بە گۆڕینی تەرزی ئیدارە‌و حوکمڕانی لە باشور / هەرێمدا دەست پێدەکا!

 

گەر ئەدای باشور هاوجۆری ئەوەی رۆژئاوا بێ، دەرچەی دۆخەکە روە‌و پەیوەندییەکی ستراتیژی تۆکمەی (کوردی – رۆژئاوایی) دەچێ‌و ئەشێ هەر ئەو شاڕێیەش بێ کە لەسەریدا (٤٥ – ٥٠) ملیۆن کوردستانی لە یەك کاتدا بە مەنزڵگای باو باپیرانیان شاد بکا!

 

داوای نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەمەريکا، فەرەنسا، .. بەوەی: بەغدا سڕکردنی ریفراندۆم قبوڵ بکا‌و لەگەڵ هەولێر دابنيشێ .. هیوا بەخشن بۆ ئەوەی بە ئاگا بێینەوە تا رێ لە بەغدا‌و سیاسەتی ناوچەیی داگیرکاران بگرین‌و، بگەڕێینەوە پێش (١٦/١٠/٢٠١٧) و باشتر؛ ئەمەش لەسای حکومەتێکی کاتی دادڕەوی مرۆڤ پەروەردا!

١ لێدوان

  1. rasta 3abady dagir karaw duzhmna balam away party u yakety ba emayayan krd sadamysh pey nakrduyn, ta gashta away mucha bdzn shiry damy mnala Shahid bdzn abru namusy kyrdyan dzy, boya ta radayak 3abady boy dacheta sar ta awraday am 27izbaw am 2 bnamala waz denn awkat 3abaysh azane xazaby kurd chona nawere Awa snur bbazene.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە