کام کارە هونەرییانە لە مۆزەخانەی لۆڤەرى ئەبوزەبیدا نمایش ناکرێت؟

بەشداریکردنى سەرۆکى فەڕەنسا و خانمى یەکەم لە کردنەوەى مۆزەخانەکەدا لە ئەبوزەبى

(سبەى):

هەرچەندە لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتی عەرەبی مۆزەخانەی لۆڤەر بە روی گەشتیاراندا كرایەوە، بەڵام ئەو كارە هونەرییانەی كە كەسێكی روت بەرجەستە دەكەن، نمایش نەكراون، لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەكە خۆیان نەپاراستوە لە نمایشكردنی ئەو كارە هونەرییانەی كە باس لە ئاینی جولەكە دەكەن.

دوای (10) ساڵ چاوەڕوانی و پرسیاری جۆراوجۆر لە بارەی ئەوانەی لە پرۆژەكەدا كاردەكەن، دواجار دەرگای مۆزەخانەی لۆڤەر لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتی عەرەبی بە روی گەشتیاراندا كرایەوە.

میكیلا ستۆڵتز، گەشتیارێکى بیانییە، ئەو دەڵێت؛ مۆزەخانەکە پێشبنییەكانی تێپەڕاندوە، چونكە خودی مۆزەخانەكە سیمبوڵە، لە سەقفە جوانەكەیدا تابلۆی هونەریی زۆر باش هەیە و هەمو جیهانی وەك یەك كۆكردوەتەوە.

ئەو دەڵێت:”مۆزەخانەکە ژمارەیەكی زۆر كاری هونەری رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی كۆكردوەتەوە، بەئاشكرا دەتوانیت نەریتی خۆپارێزی خەڵكی ئەبوزەبی لەم مۆزەخانەیەدا ببینیت، چونكە ئەو پەیكەر و كارە هونەرییانەی كە نمایشی كەسێك بەڕوتی دەكەن لەم مۆزەخانەیەدا بەدی ناكرێن”.

ستیڤان شمیتز گەشتیارێکى دیکەوە، ئەو باس لەوە دەکات سەردانی زۆر مۆزەخانەى جیهانى کردوە، بەڵام وای دەبینێت باشترین مۆزەخانەی نمونەی ئەم قەبارەیە بێت و و دەڵێت:”كارە هونەرییەكانی مۆزەخانەكە قۆناغێكی مێژوی جیهان و ئاینەكان نیشان دەدەن، بەڕێوەبەرانی ئەم مۆزەخانەیە خۆیان نەپاراستوە لە نمایشكردنی ئەو كارانەی كە باسی ئاینی جولەكە دەكەن”.

بایهۆن گەشتیارێکى دیکەیە، نایشارێتەوە بە سەردانكردنی و بینینی مۆزەخانەکە لەنزیکەوە هەست بە سەرسوڕمان کردوە.

ئەم مۆزەخانە هاوچەرخە لەلایەن ئەندازیاری بیناسازی فەرەنسی جان نۆڤێل دروستكراوە، گومەزێكی ناسكی بۆ دروستكراوە كە پڕە لە دەلاقە و پێكدێت لە هەشت شێوازی ئەندازەیی لە جۆرە عەرەبییەكەی، دیزاینەكەی بەشێوەیەك كراوە ئاوی كەنداوی بەناو راڕەوەكانی دەرەوەی مۆزەخانەكەدا تێدەپەڕێت، تیشكی خۆریش لە بنمیچی مۆزەخانەكەوە تێدەپەڕێت بۆ ناو بیناكە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە