(سبەی):
په‌رله‌مانی كوردستان، له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك كۆده‌بێته‌وه كه هیچ كامیان په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به‌ژیانی هاوڵاتیانه‌وه نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ش ره‌خنه له‌كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه ده‌گیرێت.
پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشەممە، دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستی پێكرد، به‌پێی كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه، خوێندنه‌وه بۆ یاسای به‌كرێدانی خانوبه‌ره و یاسای لێبوردنی گشتی ده‌كرێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا، بڕیاره جێگه‌ی په‌رله‌مانتار گۆران ئازاد له فراكسیۆنی یه‌كێتی پڕبكرێته‌وه و گفتوگۆ بكرێت له‌سه‌ر پرۆژه پێشنیازكراوی بودجه‌ی عێراق و پشكی هه‌رێمی كوردستان تێیدا.
سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، سەبارەت بەکارنامەی دانیشتنەکە به (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگه‌یاند: په‌رله‌مان دوای كاراكردنه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه ده‌ست بۆ پرسه گرنگه‌كان و ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به ژیانی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه ببات.