نوسینگەی عەبادی: بەیاننامەکەی هەرێم بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دێت

(سبەی):

وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی رایدەگەیەنێت؛ راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم بۆ رێزگرتن لە راڤەی دادگای فیدراڵی عێراق بەمانای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دێت.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی (سپوتنیک)ی روسی راگەیاند؛ پابەندبونی هەرێم بە راڤەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بەمانای پاشگەزبونەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دێت و ئەوانیش لەو روانگەیەوە تەماشای دەکەن.

وتیشی: دادگای فیدراڵی پێشتریش بڕیارێکی دەرکردبو بەوەی دەستور جەخت لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و رێگری لە هەر جیابونەوەیەک دەکات، هەربۆیە ئەوان لەو گۆشەیەوە تەماشای بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئەوەش وا دەکات بەردەوام بن لە هەنگاوەکان بۆ گەیشتن بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن.

سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و سامانە سروشتییەکانیش، وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی رونیکردەوە، سامانی سروشتی و نەوت لە عێڕاق بابەتێکی سیادییە و مافی هەرێم نیە تاکلایەنە مامەڵەی پێوە بکات.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە