(سبه‌ی):
نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان داوا له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات دان بنێت به بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراقدا و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری عێراق كار بكات.
فه‌رحان حه‌ق یاریده‌ده‌ری وته‌بێژی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان رایگه‌یاند، رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان داوا له‌حكومه‌تی فیدراڵیی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به‌زویی و بێ دواكه‌وتن ده‌ستبكه‌ن به گفتوگۆ و دانوستان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری عێراق به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان هه‌ردولادا هه‌یه.
راشیگه‌یاند، پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دانبنێت به بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقدا و رێزی لێبگرێت له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ی (25)ی ئه‌یلولی هه‌رێمی كوردستان و ناده‌ستوریبونی.