چوار بومەلەرزەی دیکە رویاندا

نەخشەی چوار بومەلەرزەکەی ئەمڕۆ و دوێنێ

(سبەی):

یەکەی تۆماری بومەلەرزە ئاشکرای کرد؛ لە شەوی رابردوەوە چوار زەمینلەرزە لە کەلار و خانەقین و دەربەندیخان و کوت رویانداوە.

بەشی تۆماری بومەلەرزەی سەر بە دەستی کەشناسی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە شەوی رابردوەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە چوار بومەلەرزە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی عێراق رویانداوە.

بومەلەرزەی یەکەم سەعات (10:47) خولەکی شەوی رابردو لە ناوچەکانی خانەقین لە (32) کیلۆمەتر باکوری رۆژهەڵاتی بەعقوبە بە گوڕی (4.1) پلە بەپێوەری رێختەر و بومەلەرزەی دوەم سەعات (11:43) خولەکی شەوی رابردو بومەلەرزەیەک لە (23) کیلۆمەتر لە باکوری رۆژهەڵاتی قەزای کەلار و (40) کیلۆمەتر لە باشوری دەربەندیخان و (92) کیلۆمەتر رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی بە گوڕی (4.3) پلە رویانداوە.

بومەلەرزەی سێیەم، سەعات (3:28) خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کە گوڕەکەی چوار پلە بوە بەپێوەری رێختەر ناوچەکانی باکوری ناحیەی شێخ سەعد بەدوری (45) کیلۆمەتر باشوری قەزای جەسانی هەژاندوە.

هاوکات، سەرچاوەیەک لە دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاندوە: هەر شەوی رابردو بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی (4.4) پلە هەڵەبجەی هەژاندوە  و بەدرێژایی سنوری عێراق و ئێران، بەڵام بەهۆی کەمی ماوەی بوەمەلەرزەکەوە کەمتر هەستی پێکراوە و هیچ زیانێکی مادی و گیانی لێنەکەوتوەتەوە.

دەستەی کەشناسی ئاماژەی بەوەکردوە؛ بومەلەرزەکانی شەوی رابردو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لەبەردەوامی ئەو بومەلەرزانەدایە کە لە رۆژی (12)ی ئەم مانگەوە ناوچەکانی باشوری عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، بەڵام سەرجەمیان بێ زیان بون و مەترسییان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست نەکردوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە