(سبەی):
بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له ناو خورماتو بكشێنه‌وه و دۆسێی ئه‌منی شاره‌كه‌ش راده‌ستی پۆلیس بكرێت و پۆستی قائیمقامیش له كورد وه‌رده‌گیرێته‌وه.
مه‌هدی ته‌قی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و فه‌رمانده‌ی لیوای (52)ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، به (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگه‌یاند، له كۆبونه‌وه‌یه‌كی نێوان پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین و هادی عامری، فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، بڕیاردراوه دۆسێی ئه‌منی خورماتو راده‌ستی پۆلیس بكرێت و سه‌رجه‌م گروپه‌كانی حه‌شدیش له ناو قه‌زاكه بكشێنه‌وه.
وتیشی: له هه‌فته‌ی رابردوه‌وه به فه‌رمانی هادی عامری، به‌شێك له هێزه‌كانی حه‌شد له‌ناو قه‌زاكه كشاونه‌ته‌وه و ئه‌و چه‌كدارانه‌ش كه تا ئێستا ماونه‌ته‌وه، هه‌فته‌ی داهاتو سه‌رجه‌میان ده‌كشێنه‌وه.
ئاماژەی بەوەکرد، له كۆبونه‌وه‌كه‌دا رێكکه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پۆستی قائیمقامی خورماتو بدرێت به توركمان و له‌بری ئه‌وه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زا یاخود به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس بدرێت به كورد.