(سبه‌ی):
ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌وكاته‌وه‌ی هه‌رێم سه‌رۆكی نه‌ماوه، سه‌رمان سوك و حه‌ساوه‌یه و ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر له‌م هه‌رێمه په‌رله‌مان رۆڵی خۆی بگێڕایه و ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ی دادوه‌ریی هه‌بوایه، نه‌یده‌هێشت كه‌سێك بڕیاری ریفراندۆم بدات و ئه‌و به‌ڵایه به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ماندا بهاتایه.
عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندوه، ئێستا كه هه‌رێم سه‌رۆكی نیه، جیاوازی نیه له پێشتر كه كاك مه‌سعود سه‌رۆكی بو، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و كاته كاك مه‌سعود كۆمه‌ڵێك بڕیاری ده‌رده‌كرد به‌سه‌ر هه‌مواندا ده‌شكایه‌وه، به‌ڵام ئێستا كه‌سێك نیه له پۆستی هه‌رێمدا ئه‌و بڕیارانه ده‌ربكات، مانای وایه ئێمه سه‌رمان سوكه‌و حه‌ساوه‌یه
ده‌شڵێت: هه‌رێم به ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كرد و نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا، به یه‌ك هه‌ڵه‌ی تر به ته‌واوی سه‌ری خۆی ده‌خوات.
ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، بڕیاری ریفراندۆم كه‌سێك ده‌ریكرد و ویسترا بكرێته ماڵ به‌سه‌ر هه‌مو لایه‌نه سیاسیه‌كانه‌وه، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی رێگریان كرد، به‌ڵام خه‌ڵكی تر وه‌گه‌ڵیان كه‌وتن و دواتر ده‌ركه‌وت ئاڵاهه‌ڵگرانی ریفراندۆم هه‌ڵه‌یان كرد.