حكومه‌ت: ساڵی داهاتو توانای دابینكردنی موچه‌مان نامێنێت

(سبەی):

سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایدەگەیەنێت؛ حكومه‌تی هه‌رێم له‌م ساڵدا موچه‌یه‌كی تر ده‌دات به‌ فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام له‌ ساڵی (2018)دا ناتوانێت وه‌ك ساڵی (2017) به‌رده‌وام بێت له‌ پێدانی موچه‌.

ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای تەواوبونی کۆبونەوەی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەکەدا دو بژاردە باسکراوە ئەوانیش رێكکەوتن لەگەڵ بەغدا یان رێکنەکەوتن، هەردو ئەگەرەکەش بەوردى گفتوگۆى لەسەرکرا و هەمو ئەگەرەکانیش بۆ دابینکردنى موچە تاوتوێ کران.

وتیشی: هەناردەى نەوتى هه‌رێم بۆ نیوە کەمى کردوە و داهاتەکەشى کەمبۆتەوە بۆ نیوە، کە دواى دەرکردنى خەرجى تەنها (400) ملیار بۆ موچە دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سندوقى خانەنیشنى کارادەکرێت و میکانیزمى خانەنیشنى کارى پێدەکرێت و پێداچونەوە بەخانەنیشنى و دەرماڵەى سەرجەم وەزارەتەکان دەکرێت و هەرکەسێک شایستەى موچە نەبێت، موچەى پێنادرێت و کاتى ئەوە هاتوە چاکسازیى گەورە و جدى لە لیستى موچەخۆران بکرێت.

وتیشی؛حكومه‌تی هه‌رێم له‌م ساڵدا موچه‌یه‌كی تر ده‌دات به‌ فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام له‌ ساڵی (2018)دا ناتوانێت وه‌ك ساڵی (2017) به‌رده‌وام بێت له‌ پێدانی موچه‌.

هه‌ر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا شێرکۆ جەوده‌ت، ئەندامى لیژنەکانى دارایى و كاروباری ئابورى و پیشە سازى و وزە و سامانە سروشتییەکان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، رایگەیاند: لەگەڵ شاندى حکومەت بەوردى باس لە هەمو ئەگەرێک کراوە بۆ دابینکردنى موچە و پێویستە لەمەودوا داهات بۆ پەرلەمان رونبکرێتەوه‌، چونکە دۆخەکە زۆر خراپە و قۆناغى داهاتو قۆناغى چاکسازى و روبەڕوبونەوەى گەندەڵى ده‌بێت.

رونیشیکردەوە، نابێت موچەخۆرى راستەقینە بکرێتە قوربانیى موچەخۆرى وەهمى، بەڵکو پێویستە بەوردى موچەخۆرانى راستەقینە جیا بکرێتەوە لەو موچەخۆرانه‌ى کە وەهمین.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە