(40) رۆژە بایكۆتی كردوە و داوای مافى مامۆستایان دەكات

مامۆستا دانەر داواى ماف دەکات و هاوپیشەکان پشتگیرى دەکەن

(سبەى):

مامۆستایەكی شاری سلێمانی (40) رۆژە بەتەنها بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنی كردوە و رۆژانە لەبەردەم دەرگای پەروەردەی رۆژئاوا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دەوەستێت و داوا لە سەرۆكی حكومەت دەكات ئەو قەرزەی لایەتی بیداتەوە مامۆستایان، چونكە مامۆستایان بە چارەكە موچە ناتوانن بژین.

دانەر كەریم، مامۆستایە لە باخچەی تەرزە لە هەواری شاری سلێمانی و (40) رۆژە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنی كردوە و رۆژانە بە تەنها لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوادا بۆ دەربڕینى ناڕەزایى دەوەستێت.

ئەو مامۆستایە باس لەوە دەكات؛ دەنگی هەمو ئەو مامۆستایانەیە كە سێ‌ ساڵە بە چارەكە موچەیەك ژیانیان بە سەختی بەڕێدەكەن و لە بەردەم بیناى پەروەردەدا داوای مافی سەرەتایی خۆی دەكات كە موچە پاشەكەوتكراوەكانیەتی لای حكومەتی هەرێم و دەڵێت:”بیستومە لەسەر بایكۆتكردنەكەم فەسڵ دەكرێم”.

ئەمڕۆ ژمارەیەك لە مامۆستانى دیکە وەك پشتیوانی لە داواكاری مامۆستا دانەر هاتبونە بەردەم پەروەردەی رۆژئاوا و دەڵێن؛ ئیمەش وەك مامۆستا دانەر بەردەوامین لە بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن یان دەبێت فەسڵ بكرێین یان لەسەر داواكردنی مافەكانمان بەردەوام دەبین.

لاى خۆیەوە بەكر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا دەڵێت: “رۆژانی دەوامنەكردنی ئەو مامۆستایە بە نەهاتو هەژمار كراوە، بەڵام رۆژانی نەهاتنەكەی نەگەیشتوەتە ئاستی فەسڵكردن و تا ئێستاش هیچ لێپرسینەوەیەكی یاسایی لەگەڵ نەكراوە”.

ئەوە لەکاتێکدایە زیاتر لە سێ‌ ساڵە مامۆستایان چارەكە موچە وەردەگرن، حكومەتیش وەڵامی هیچ لە داخوازی و ناڕەزایەتیەكانی مامۆستایان ناداتەوە، رۆژ بە رۆژ بارودۆخی ژیانی مامۆستایانیش سەختر دەبێت، وەك خۆشیان دەڵێن: لەمێژوی حكومڕانی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتداران ناشیرینترین نمونەی حكومڕانیان پیشانی خەڵكیداوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە