(سبەى):
ئێوارەى ئەمڕۆ لە حاجیاوا خۆپیشاندانى ناڕەزایەتى دەستیپێکردەوە و لەلایەن ئەو هێزە چەکدارەى بەرپرسێکى سەربازى ناوچەکە بردویەتیە شارۆچکەکەوە تەقە بەسەر خۆپیشاندەران و ماڵاندا دەکرێت.
پەیامنێرى (تۆڕى میدیاى گۆڕان) لە رانیە کە ئێستا بۆ روماڵى ئەو روداوانە لە شارۆچکەى حاجیاوایە رایگەیاند؛ دواى ئەوەى لەلایەن ئەو بەرپرسەوە هێزێکى پێشمەرگە هێنرایە شارۆچکەکە، چالاکوانان و خۆپیشانداران و خەڵک داواى چونە دەرەوەى ئەو هێزەیان کرد، بەڵام گوێیان لێنەگیرا، بۆیە خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد؛ هێزەکانى ئاسایشى حاجیاوا بەو هێزەیان وتوە بکشێنەوە و ئاسایش ئارامى دەپارێزێت، بەڵام گوێ لەوانیش نەگیراوە بەوهۆیەوە ناکۆکى دروستبوە و هێزەکانیش ئاسایش رایانگەیاندوە کە تەقە لە خۆپیشاندەران ناکەن.
وتیشى:”ئێستا کە خۆپیشاندان دەستیپێکردوەتەوە، ئەو هێزەى هێنراوە بە چڕى تەقە بەسەر خۆپیشاندەران و ماڵاندا دەکات و تائێستا سێ بریندار هەیە، دوێنێش هەشت کەس بە فیشەکى ئەو هێزانە برینداربون”.