بڕیارەکانی گۆڕان بایەخی هەیە؟‌

سیروان رەشید

بزوتنەوەی گۆڕان کۆمەڵێک بڕیاری سیاسی دا، کە بەتێگەیشتنی ئێمە هەڵگری کۆمەڵێک مەغزایە لەهاوکێشەی حکومڕانی و کایەی حیزبایەتی لە کوردستانداو نابێت ئەو بڕیارانە بچوک بكرێنەوە لە مەسەلەی کشانەوە لە حکومەت و نەچونەوەی وەزیرەکانی بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەتەنها.

یەک: گۆڕان ئۆپشنی ئۆپۆزسیۆن بونی تەبەنی کردوە، کە بریتیە لە فۆرمۆلە کردن و مومارەسەکردنی جۆرێکی تر لەخەبات لەپێناوی خەڵک، کە ساڵەکانی (2009 تا 2013) شایەتن، گۆڕان چۆن لە ناو پەرلەمان و لەسەر شەقام و لەمیدیادا جێدەستی بەکایەی حکومڕانی هۆشمەندی خەڵکی کورستانەوە تا ئێستاش دیارە.

دو: گۆڕان بڕیاریدا دەرگای پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی دابخاو رێککەوتنی سیاسی نێوان خۆی و ئەو حیزبە سڕ بکات، تا ئەوکاتەی سەرکردایەتیەکی تازەی یەکێتی پێکدەهێنرێ و بەجدی نەیەنە پێشەوە دەرگای مامەڵەکردن سیاسی بەرویدا نەکاتەوە.

سێ: خەباتی مەدەنی و جەماوەری سەرشەقام ئۆپشنێکی نوێی کاری داهاتوی ئەم هێزە دەبێت.

چوار: بڕیاریدا سورتر لە پێشو، خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی کابینەی حکومەت و پێکهێنانی حکومەتی کاتی بەسیناریۆی جیاواز جیاواز ئەنجام بدات.

پێنج: بڕیاری کشانەوەی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی دا، کە یەکەمجارە هێزێکی سیاسی لە 26 ساڵی رابردودا لەپێناوی بەرژەوەندیەکانی خەڵک دا بێ منەت و دەستبەرداری پۆستێکی وا گرنگ بێ! ئەمە سەر باری ئەوەی بڕیاریدا دەستبەرداری پۆستی چوار وەزارەت و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بو، کە هەمو کە سێک ئەگەر شتێکی زۆر کەم ئاگای لەئیشوکاری حکومەت بێت، ئەزانێ ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگەت بەدەستەوە بێت ئەتوانی زۆر سودمەند بیت لەچەک و ئیستفادەی مادی لەو وەزارەتە، بەڵام گۆران راستگۆیانە نەیویست و رەتیکردەوە!

وەزارەتی دارایت بەدەستەوە بێت ئەتوانی زۆر سەفەقەی ژێر بەژێر موستەفید بیت، بەڵام گۆران بۆ خۆی هیچی نەکردو رەتیکردەوە!.

لەدەستەی وەبەرهێنان دەیتوانی زۆر گەندەڵی و موستەفید بێ لە زەوی و سەرانە سەندن لە کۆمپانیاو مقاولەکان، بەڵام نەک هیچی بۆ خۆی نەکرد، بەڵکو من لەنزیکەوە ئاگادارم هەندێک مقاول و کۆمپانیای خانوبەرە گلەیی گەورەیان لەگۆڕان هەیە کە نزیکەی ئەو ساڵەی دەستەی وەبەرهێنان بەدەست گۆڕانەوە بوە ئەوان زەرەر مەند بون و ئیجرائاتەکانی دەستە بەسەر کۆمپانیاکاندا جێبەجێکراون کە بۆتە هۆی زویر بونی ئەوان لەگۆڕان. دیسان گۆڕان لە بەر بەرژەوەندی خەڵک دەستی لەم وەزارەتە گرنگەش هەڵگرت.

شەش: پێکهێنانی بەرەیەکی تازە وەک بەدیلی ئەم حکومڕانیە شکستخواردوە، لەگەڵ (کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری بەسەرۆکایەتی د.بەرهەم ساڵح) و هەر لایەنێکی تر ئەگەر بخوازێت تێیدا بەشدار بێت، یەکێکی ترە لە ئۆپشنەکانی سیاسەتی داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕان.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە